زارا محەمەدی لە زیندانیشدا بە یەکێک لە کاریگەرترین ژنانی جیهان دەستنیشانکرا



دامەزراوەی پەخشی بەریتانی – بی بی سی ناوی 100 ژنی کاریگەری جیهانی بۆ ساڵی 2022ـی بڵاوکردەوە و دووانیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و دووانەکەی دیکەش خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

هەریەکە لە زارا محەمەدی، مامۆستای دەستبەسەرکراوی زمانی کوردی لە سنە و روئیا پیرایی، کچی مینۆ مەجیدیی کرماشانی و نیگار مارف، پەرستار لە یەكەی سووتان لە نەخۆشخانەی سووتاوی و رۆزا ساڵح لە لیستی 100 ژنی کاریگەری جیهاندان.

زارا محەمەدی، خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و مامۆستای زمانی کوردییە، ساڵی رابردوو لەلایەن دادگەی سنەوە سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئێستا لە زینداندایە، هەروەها روئیا پیرایی، کچی مینوو مەجیدییە، دایکی لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە کرماشان بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.

روئیا کاتێک ناوبانگی دەرکرد کە لەسەر گۆڕی دایکی قژی بڕاوی بەدەستەوە بوو و بەشێوەیەکی خۆڕاگرانە راوەستا. روئیا پیرایی چەند رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە، لەگەڵ چەند کچ و ژنێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە پاریس لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆنەوە لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لێکرا.

جگە لە زارا و روئیا، نیگار مارف و رۆزا ساڵحیش دوو کەسی دیکەن کە بەکاریگەرترین ژنی جیهان لە لایەن دامەزراوەی پەخشی بی بی سی بەریتانی بڵاوکراونەتەوە و هەردووکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

“نیگار مارف ماوەی 25 ساڵە لە نەخۆشخانەکان و لە بەشی سووتانی منداڵان و یەکەی چاودێریی چڕیشدا کار دەکات. لە بەشەکەیدا، ئەو هەروەها ئەو نەخۆشانە چارەسەردەکات کە بێ مەبەست سووتاون.” بی بی سی وا دەڵێت.

رۆزا ساڵح، ژنێکی دیکەی کوردە و خەڵکی شاری سلێمانییە بە یەکێک لە کاریگەرترین ژنەکانی جیهان بۆ ساڵی 2022 هەڵبژێردراوە.

رۆزا لە ئایاری 2022 بووە یەکەمین پەنابەر بتوانێت ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی شاری گلاسگۆی سکۆتلاند لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.

پرتوگال گەیشتە قۆناغی چارەكی كۆتایی مۆندیال
پێشت پرتوگال گەیشتە قۆناغی چارەكی كۆتایی مۆندیال
یەکێتی زانایان سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو ژنە تۆمارکرد کە فرەژنی بە لەشفرۆشی وەسفکرد
دواتر یەکێتی زانایان سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو ژنە تۆمارکرد کە فرەژنی بە لەشفرۆشی وەسفکرد
ەیوەندیدار