دەیلی مەیل: مافیا کوردەکان شەڕی کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگاکانی قاچاخچێتی فەڕەنسا و بەریتانیا دەكەن



ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی ئاشکرای کرد، مافیا کوردەكانی عێراق، كە چەكدارن، بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن و کۆچبەران بە قاچاخ دەبەن، لە ململانێدان لەگەڵ یەکتر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی قاچاخی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، كە ڕۆژنامە بەریتانییەكە بۆ ڕاپۆرتەكەی پشتی پێ‌ بەستوون، ئەندامانی باندە قاچاخچیەکان چەكی ئۆتۆماتیکی هەڵدەگرن لە شەڕی كۆنتڕۆڵ كردنی ڕێگای قاچاخچێتی و بەوهۆیەوە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو پێش نقوم بوونی بەلەمێكی كۆچبەران شەڕە تەقە لەنێوانیاندا ڕوویداوە، کە بووەتە هۆی خنکانی 6 پەناخوازی ئەفغانی.

هاوکات سەرچاوەیەکیش ڕایگەیاندووە، تاوانباران ڕوو لە توندوتیژی دڕندانە دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازرگانییەكی پڕ لە قازانج بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان بۆ بەریتانیا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “باندە قاچاخچییە کوردەكان بۆ هەر کەسێک هەزار و 300 لیرە وەردەگرن، واتە ئەو بەلەمە زەبەلاحانەی کە بەکاریان دەهێنن دەتوانن 60 کەس هەڵبگرن و ڕەنگە باری یەک سەفەری کۆچبەران بگاتە 80 هەزار لیرە”.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە “کەمپی گراند سینتێس لە فەرەنسا لە نزیک ناوچەی دانکیرک زیاتر لەلایەن کوردەکانی عێراقەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو، بە هاوکاری ئەفغانییەکان و ئەندامانی چەتەکانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، هاوکات گرژییەکانی نێوان قاچاخچییەکان شایەتحاڵی ڕووداوەکانی توندوتیژیی دەمانچە بوون”.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە بەریتانییەكە، “ئەو باندە مافیاییانە بە پارێزراوی و بێ سزا کاردەکەن و هیچ مەترسییەک نەبووە لەسەریان لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە”.

هاوکات سەرچاوەیەک بە ناوی (فەرهاد) ڕایگەیاندووە، دۆخەکە لە کەمپەکانی ئاوارەکان خراپتر دەبێت، هەروەها مافیاكان چەکیان هەیە، لەنێویاندا دۆشکەی ئۆتۆماتیکی، ئەوان لە نێوان خۆیاندا شەڕ دەکەن لەسەر دزینی کڕیار و نرخەکان، هەروەها ئەفغانی و عەرەبەكانیش دەستیان تێكەڵ كردووە و یارمەتی سەرکردەکانی باندەکانی کورد دەدەن”.

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: “باندەكان دەخۆنەوە و مادەی هۆشبەر دەخۆن و ناوچەکە بەتەواوی تاریکە، هیچ مەترسییەکیش نییە لەسەریان تاوەكو پۆلیس لێیان نزیک ببێتەوە لە دوای تاریکبوون لەناو دارستانەکاندا، پۆلیس هەرگیز نایەت، زۆربەی كاتیش مافیاكانیش مادەی هۆشبەر بڵاودەكەنەوە”.

لیژنەیەک بۆ گرێبەستە کشتوکاڵییەکان لە کەرکوک پێکدەھێندرێت
پێشت لیژنەیەک بۆ گرێبەستە کشتوکاڵییەکان لە کەرکوک پێکدەھێندرێت
كارەبای نیشتمانی كەمتر دەبێتەوە
دواتر كارەبای نیشتمانی كەمتر دەبێتەوە
ەیوەندیدار