بۆ كارتی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراك پارە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت



بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق، پسوڵەی كاغەزی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان نامێنێت و دەبێت بە كارتی ئەلیكترۆنی و بریكارێكی خۆراكیش دەڵێت: بڕێك پارە لە هەر خێزانێك وەردەگیرێت.

بریكارێكی خۆراك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پسووڵەی خۆراكی هاووڵاتیان بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق دەگۆڕێت بۆ كارتی ئەلیكترۆنی، كە سەرجەم زانیارییەكانی ئەو خێزانەی تێدایە، كە بەشەخۆراكی مانگانە وەردەگرێت.

ڕاشیگەیاند، بۆ هەر خێزانێك لەبەرامبەر پێدانی كارتی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراك بڕی 1500 دینار وەردەگیرێت و تەنها بۆ یەك جارە.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستیان کردووە بە دابەشکردنی کارتی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی نوێ بەسەر ئەو خێزانانەی بەشەخۆراكی مانگانە دەیانگرێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، فۆڕمی بەڵێننامەی نووسراو دابەش دەكرێت، کە تێیدا داتاکان لەلایەن خێزانەكانەوە دەنووسرێت و دەگەیەنرێتەوە بە بریکار.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارتی ئەو خێزانانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، کە لەناو سیستەمی بەشەخۆراك تۆمارکراون، نوێکراوەتەوە.

لما موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراك وتویەتی، “پرۆسەکانی نوێكردنەوە لە پارێزگاکانی نەجەف و موسەننا و کەرکوک لە قۆناغی کۆتاییدان و لە پارێزگای دهۆكیش پڕۆسەكە بەڕێوەدەچێت و تاقیکردنەوەیەکی تری هاوتەریب هەیە، کە لە پارێزگاکاندا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، ئامانجی پڕۆژەی کارتی ئەلیکترۆنی پاراستنی پارەی گشتی و دەستنیشانکردنی پۆلە شایستەکانە بۆ شتومەکی سەبەتەی خۆراک، جگە لە دروستکردنی بنکەیەکی زانیاری نوێی تۆکمە.

ڕێبوار بابكه‌یی: نەرمی نواندنی هەرێم بەرامبەر بە عێراق مانای تەسلیم بوون نییە
پێشت ڕێبوار بابكه‌یی: نەرمی نواندنی هەرێم بەرامبەر بە عێراق مانای تەسلیم بوون نییە
لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك سێ تۆمەتبار دەستگیركران
دواتر لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك سێ تۆمەتبار دەستگیركران
ەیوەندیدار