فرۆشتنی هەژمارەی بانکی لەپێناو قازانج



مامەڵەیەکی جیاواز لە عێراق پەیدابووە، هاووڵاتیان لە زیانەکانی بێئاگان، بەڕووکەش مامەڵەکە حەڵاڵە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا حەرامە.

ئیمارات پڕبووە لە هاووڵاتی کورد و عەرەبی عێراق، کە لە عێراق هەژمارە بانکییەکانیان پڕدەکەن لە دینار، دواتر لە دوبەی دەیکەن بە درەهم و دواتر بۆ دۆلار.

ئەوانەی ئەم مامەڵەیە دەکەن لە خزم و کەسوکار یاخود هەر کەس بیناسن داوا دەکەن کارتی بانکی دروستبکەن و بە ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار دینار لێیان دەکڕنەوە.

ئەم مامەڵانە کاری کەسێک و دوو کەس نییە، بەڵکو بە باند دەکرێت، گروپێک هەژمارە بانکیەکان دەکڕنەوە، گروپێک دینارەکان دەکەنە هەژمارە بانکیەکە، لە دوبەی گروپێک ڕۆژانە پارە ڕادەکێشن، پاشان گروپی دواتر مامەڵە بە پارەکەوە و دەکەن و حەواڵەی دەکەنەوە.

ئەم کارتە بانکیانە لە فڕۆکەخانەکانەوە ڕێگا بە بردنەدەرەوەیان نادرێت، بۆیە پێشتر ئەم کارتانە لە پێنجوێنەوە دەبرانە تاران و لەوێوە بۆ ئیمارات بەڵام ئێستا ئەم ماندووبوونەشی ناوێت چونکە لە ڕێی ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەکانەوە دەتوانرێت پارەکان ڕابکێشرێت.

دەتوانرێت هەر بڕە پارەیەک بکرێتە هەژمارەکانەوە، بەڵام دەرهێنانی ئەو پارانە سنوردارە لە مانگێکدا دەتوانرێت لە هەر هەژمارێکدا ١٠ بۆ ١٢ ملیۆن دینار دەربهێندرێت.

ئەوانەی ئەم کارەدەکەن مانگە لە هەر هەژمارێکی بانکی زیاتر ٨٠٠ هەزار دینار قازانج بەدەستدەهێنن.

پێشەوا عەبدولحامید، خاوەن کۆمپانیای چنیان بۆ ئاڵوگۆڕی دراو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەوانەی ئەم مامەڵەیە دەکەن کەسانی شارەزا و بازاڕی دراو نین، بەڵکو کەسانێک کە ئاگاداری مەترسی و کێشەکانی دواتری ئەم مامەڵەیە نین، نازانن دواتر ڕووبەڕووی چی دەبنەوە.

یەکێک لەو زیانانەی ئەم مامەڵەیە کە زۆرینەی ئەوانەی بەشدارن لێی ئاگادارنین، کەڵەکەبوونی باجە، کاتێک هەژمارێکی بانکی بەردەوام پارەیەکی زۆری لێ حەواڵە بکرێت و مامەڵە بکرێت بە هەژمارەکەوە، ئاوا خاوەن هەژمارەکە بە بارزگان دادەنرێت، دواتر دەبێت باج بدات.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە ئەوەدەخاتەڕوو، ئەم مامەڵەیە کێشەی یاسای زۆری هەیە، خاوەن هەژمارەکان لە داهاتوودا ڕووبەڕووی باجی دەیان ملیۆن دیناری دەبنەوە.

ڕۆژی ١٠ی مانگی ڕابردوو ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان ئەم مامەڵەیەی حەرامکرد، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە “چونكه‌ ئەم مامەڵەیە هه‌وڵدان بۆ فێڵكردن له‌ ڕێكاره‌ بانكیه‌كان و یاساو ڕێنمایییه‌كانی حكومه‌ت غه‌شكردنه‌ و دروست نییه”‌.

لە بەرامبەردا پڕۆفیسۆر خالید محەمەد ساڵح، پسپۆڕ لە فیقهی بەراورد لە چەناڵی فەرمی خۆی حەڵاڵبوونی مامەڵەکەی ڕاگەیاندووە.

لەبارەی ئەم مامەڵەیەوە د. ئەبوبەکر پێنجوێنی ڕاوێژکاری دارایی و شەریعە ئاشکرای دەکات، ئەم مامەڵەیە بە ڕووکەش کێشەی نییە، بەڵام لەسەر بنەمای فێڵکردنە، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەپێناو قازانج بەکاریدەهێنن، لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای فێڵ و درۆکردنە بۆیە حەرامە، بەوەش داهاتەکەشی حەرام دەبێت.

پێشبینی خۆڵبارین لە عێراق دەکرێت
پێشت پێشبینی خۆڵبارین لە عێراق دەکرێت
ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی داراییەوە دەربارەی مووچە
دواتر ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی داراییەوە دەربارەی مووچە
ەیوەندیدار