حزبەکانی ڕۆژهەڵات: ئامادەکاریمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێکی ئێران کردووە



فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، سەرجەم حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران چەک دانان بە “هێڵی سوور” دەزانن وەکو ئەوەی ئێران داوایدەکات، خۆشیان بۆ بەرگریکردن ئامادە کردووە ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەریان.

ئەمجەد پەناهی، کە یەکێکە لە فەرماندەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،”سەرجەم حزبەکان چەک دانان ڕەتدەکەینەوە. ئێمە چەکمان بۆ پاراستنی خۆمان هەڵگرتووە نەک شەڕکردن و بیانوودانە دەست ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.”

لە ڕۆژی 11/7/2023 محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی توندتری لە جارانکرد لە دژی حزبە کوردییەکان، گەر تا مانگی 9ی ئەمساڵ ئەو حزبانە لەلایەن عێراق و هەرێمەوە چەک نەکرێن.

ئەمجەد پەناهی وتی، “ئامادەکاریمان بۆ هەر هێرشێکی ئێران کردووە بیکاتە سەرمان. گەر ئێران بیەوێ هێزی زەمینیش بەکاربهێنێت مافی وەڵامدانەوەمان هەیە و بێدەنگ نابین. داوا لە خەڵکی هەرێمیش دەکەین بێدەنگ نەبن، چونکە ئێمە کراوینەتە بیانوو. گەر ئێمەش هەرێم جێبهێڵین، ئێران و تورکیا بیانووی تر دەدۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم.”

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە گفتووگۆیەکدا کە ڕۆژی 13/7 دەنگی ئەمریکا لەگەڵیدا ئەنجامیداوە دەڵێت، ئێران داوای چەککردن و دەرکردنی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات هاوشێوەی موجاهدینی خەڵق، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم لەگەڵ سنوردارکردنی چالاکییەکانیاندایە.

نازم دەباغ وتی، “ڕەنگە ئێران لە مانگی ئەیلولدا بۆمبارانی حزبە کوردییەکان دەستپێبکاتەوە. ناردنی هێزی زەمینی دوا هەنگاوی ئەو وڵاتە دەبێت.”

لە مانگی 9ی ساڵی 2022 ئێران چەند جارێک بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لەدەوروبەری شاری هەولێر، کەرکوک و سلێمانی بۆمبارانکرد. بەو هۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،”ئێران تاکلایەنە هەوڵ بۆ چەککردن و دەرکردنی ئێمە دەدات. ئێمە هەرێمیش جێبهێڵین، ئێران بیانووی تر دەدۆزێتەوە.”

بەرپرسانی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراق دا نییە، لەلایەن هەرێمی کوردستانیشەوە ئاگادارنەکراونەتەوە چی هەنگاوێکیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “ئێران هەمیشە هەڕەشەی لە حزبە کوردییەکان کردووە، بەڵام ئێمە چۆک دانادەین و بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشان.”

بەرپرسانی ئێران دەڵێن بۆ چەککردنی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیان ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە، مانگی 9ی ئەمساڵیشیان وەکو دوا وادە بۆ عێراق داناوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و چەککردنی ئەو حزبانە.

نرخی دۆلار و زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستاندا لە ئاستێکی نزمدا ماوەتەوە
پێشت نرخی دۆلار و زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستاندا لە ئاستێکی نزمدا ماوەتەوە
لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا
دواتر لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا
ەیوەندیدار