زێباری: تەحەدا دەکەین هیچ کەسێك لەسەر بیروباوەڕی سیاسی دەستگیرنەکراوە



ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت هیچ کەس لەسەر بیروباوەڕی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەستگیرنەکراوە و هیچ ڕۆژنامەنووسێکیش بە هۆکاری ڕۆژنامەنووسی لە زیندان نییە.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردەنێودەوڵەتیەکان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “ئەتوانم بڵێم هیچ کەس لە کوردستان لەسەر بیروباوەڕی سیاسی دەستگیرنەکراوە و لە زیندان نییە. زیندانی نهێنی بۆ هیچ مەرامێکی سیاسی نییە و تەحەداش دەکەین؛ پێمان خۆشە پێمان بڵێن ئەگەر کەسەکەش هەیە با بەناو پێمان بڵێن.”
دیندار زێباری ڕایگەیاند ئازادیەکان بە گشتی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشچوونێکی “ئێجگار زۆریان” بە خۆیانەوە بینیوە بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی.
وتیشی، “جەنابی سەرۆک وەزیران لەم کابینەیە پلانێکی ڕاگەیاند کە یەکەمجارە لە مێژووی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پلانێکی وا گشتگیر ڕابگەیەنرێت و حکومەت پێوەی پەیوەست بێت…ئێمە لە هەرێمی کوردستان هاتوین هەرچی تێبینی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هەن بە یوئێن و وڵاتانی دەرەوە کارمان لەسەرکردوون.”
زێباری، باسی لەوەش کرد کە هەنگاوەکانی حکومەتی “دەستخۆشیەکی باشی نێودەوڵەتییان” بەدەستهێناوە دەبنە هۆی بەرەوپێشبردنی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕابردوودا چەندین ڕێکخراوی جیهانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەیاندا هۆشداریان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئازادی کاری ڕاگەیاندن و مافەکانی مرۆڤ. هەریەکە لە ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ئاماژە بە نیگەرانییەکانیان دەکەن سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پاشەکشەی ئازادی.
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، سەنتەری میترۆش لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو، “2022 بە یەکێک لە خراپترین ساڵەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان هەژماردەکرێت، و ئامارەکان ئاماژەی مەترسیدارن لەسەر ئازادی کاری ڕاگەیاندن و بەرتەسکبوونەوەی ئازادیەکان.”
دیندار زێباری ڕایگەیاند یاسای ڕۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان یەکێک لە “باشترین یاساکانە”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرکەوتنی میدیای دیجیتاڵ و نەبوونی یاسای تایبەت بەو بوارە کێشەی بۆ حکومەت دروستکردووە.

دەشڵێت، “ئەو ژمارە ڕۆژنامەنووسەی لە هەرێم هەیە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم پێدەچیت لە ولاتانی تر نەبێت. نزیکەی 8000 ڕۆژنامەنووس هەیە کە نزیکەی 7000 لە سەندیکا ناوی تۆمارکردووە؛ وە کێشەی هەرە سەرەکی ئێمە ئەوەیە کێ ڕۆژنامەنووسە لە هەرێم. … بۆ حکومەت لە کاتی خۆپیشاندانەکان کێشە بۆ ئێمە دروستدەبێت. ناسنامەی ڕۆژنامەنووس ناسراو نییە.”

لە پارێزگاکانی باشور خواست لەسەر کڕینی سەهۆڵ زیادی کردووە
پێشت لە پارێزگاکانی باشور خواست لەسەر کڕینی سەهۆڵ زیادی کردووە
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەردەلوولی تۆز و لمینە
دواتر ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەردەلوولی تۆز و لمینە
ەیوەندیدار