پارێزگای هەولێر: پلانەکانمان بۆ جەژن وەک خۆی بەڕێوەچوو



پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لە لایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگا بۆ  پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەمان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیروگرفت جێبەجێکرا.

پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا سەرجەم پلان و ئامارەکانی ڕۆژانی جەژنی خستۆتەڕوو.

دەقی راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر:

دەربارەى پلانى ئەمنی و ڕۆژانى جەژنى قوربانى پیرۆز بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، بە سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگاری هەولێر، لە لایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەمان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا. ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆزیش، لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-

یەکەم/ گەشتوگوزار: بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، پلانی گەشتوگوزار، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزار ئامادەکرابوو، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و پێدانی ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شار و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بە دواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمتگوزاریی، ئەوەجگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانت و جێشتخانەکان و پێدانی ڕێنمایی بۆ کردنەوە و پیشوازیکردنیان لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژن.

ژمارەی ئەو گەشیارانەشی لەوماوەیەدا سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە ( 143 هەزار و 921 ) سەد و چل و سێ هەزار و نۆسەد و بیست و یەک گەشتیار.

دووەم/ ئاسایشی هەولێر:- بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێکرا و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

سێیەم/ پۆلیس:- سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربانى پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لە ڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، ( 35 ) تاوان تۆمارکراوە، ( 26 ) تاوان ئاشکراکراوە، ( 9 ) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

چوارەم/ هاتووچۆ:- سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، ( 8 ) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا، لە ئەنجامیاندا ( 8 ) کەس بریندار و ( 1 ) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستدا.

پێنجەم/ بەرگری شارستانی:- تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا ( 9 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و ( 1 ) ڕووداوى خنکان و ( 2 ) حاڵەتى ڕزگار کردن هەبووە.

شەشەم:- تەندروستى: سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیى تەندروستى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەو ماوەیەشدا کۆى گشتیى سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە ( 5,515 ) نەخۆش بووە، ( 6 ) حاڵەتى سووتان و ( 226 ) حاڵەتى ڕووداوى جۆراو جۆر و ( 1 ) منداڵ بوون و ( 425 ) نەشتەرگەرى بچووک و ( 1 ) حاڵەتى تووشبوون بە نەخۆشى پەتاى خوێن بەربوون هەبووە.

حەوتەم/ سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر:- تەواوی بڕگەکانی پلانی سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لە ڕۆژانى جەژن ( 35 ) شوێن ئامادەکرابوون بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی، تەنها لە ڕۆژانى جەژنیشدا بڕی ( 560 ) تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و ( 6000 ) تۆن زبڵ و پاشماوەى دیکەى هاوڵاتییان لەلایەن کرێکارانى ژینگە پارێزى کۆکرایەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەر کرا.

هەشتەم/ گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر:- لە گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر و بەبۆنەى جەژنى قوربانى پیرۆز تەنها لە ڕۆژانى جەژن( 1,872 ) ئاژەڵ کراوەتە قوربانى کە ( 513 ) یان ئاژەڵى گەورە و ( 1,359 )شیان ئاژەڵى بچووک بوونە.

وێڕای دەستخۆشیمان لە تەواوى قائیمقامیەت و ناحییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و سەرجەم هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشى بازگەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژانی جەژنی قوربانى پیرۆز، جارێکی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بە پشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.

 

 

بێباوەڕەکان لە باوەش بگرن
پێشت بێباوەڕەکان لە باوەش بگرن
پاش دوو هەفتە، برازاکەی عارف قوربانی، بە کەفەلەت ئازاد کرا
دواتر پاش دوو هەفتە، برازاکەی عارف قوربانی، بە کەفەلەت ئازاد کرا
ەیوەندیدار