هاوپەیمانییەکی نوێ بۆ ئۆکرانیا پێکدەهێنرێت



وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئۆلێکسی رەزینکۆڤ رایگەیاند، بۆ دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٦ بۆ وڵاتەکەی و مەشقپێکردنی فڕۆکەوانەکان هاوپەیمانییەک بە ناوی “هاوپەیمانیی باڵندە” پێکدەهێنرێت.

 

ئۆلێکسی رەزینکۆڤ کە بۆ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ناتۆ و ئۆکراینا و گرووپی پەیوەندیی بەرگریی ئۆکراینا کە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆدا بەڕێوەچوو، هاتبووە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل، لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا.

 

رەزینکۆڤ وتی: ” لەبارەی هاوپەیمانیی فڕۆکە جەنگییەکان هەواڵێکی زۆر گرنگم پێگەیشت، بەڵێنمان لە هاوبەشەکانمان وەرگرت سەبارەت بە دەستپێکردنی مەشق و راهێنانەکان و دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی فڕۆکە جەنگییەکان بە ناوی ‘هاوپەیمانیی باڵندە’ کە هۆڵەندا و دانیمارک سەرکردایەتیی دەکەن و وڵاتانی دیکە بەشداریی دەکەن”.

 

وەزیری بەرگریی ئۆکراینا تیشكی خستەسەر ئەوەی پێشتر هاوپەیمانیی تانک و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و تۆپخانە پێکهێنرا بوون، ئێستاش بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی فڕۆکە جەنگییەکان، هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دەبنە “قەڵغانی رۆژهەڵات”ی ئەورووپا.

 

راگەیەندرابوو کە ژمارەیەک لە وڵاتان لەوانە پۆڵەندا، نەرویج، بەلجیکا و پورتوگال ئامادەن لەسەر فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٦ راهێنان بە فڕۆکەوانە ئۆکراینییەکان بکەن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی بەرگریی هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەمریکا، دانیمارک و هۆڵەندا رایانگەیاند، بە دابینکردنی مووشەک پاڵپشتیی لە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا دەکەن.

 

ئەو چوار وڵاتە کە لە برۆکسل بەشداریی کۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندیی بەرگریی ئۆکراینایان کرد و جەختیان لەوە کردەوە، لە هەمبەر زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیادا پشتیوانیکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئۆکراینا لە پێشینەی کارەکانیانە.

 

بە ئاماژەدان بەوەی کە سەدان مووشەکی مامناوەند و کورتمەودا بۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا دابین دەکەن، کە ده‌بنە هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنی ئۆکراینا لە بەرپەچدانەوەی هێرشەکاندا.

سوودانی: عێراق پێگە و رۆڵی سرووشتی خۆی لە ناوچەکەدا وەرگرتووەتەوە
پێشت سوودانی: عێراق پێگە و رۆڵی سرووشتی خۆی لە ناوچەکەدا وەرگرتووەتەوە
“دەستێکی ئەمین و پلان هەبێت، بووژانەوەیەکی باش ڕوودەدات”
دواتر “دەستێکی ئەمین و پلان هەبێت، بووژانەوەیەکی باش ڕوودەدات”
ەیوەندیدار