ھەرێم دوای پەسەندکردنی بودجە



مەریوان عەبدوڵا

لەوە گەڕێن بودجە پەسەندکراوەکەی عێراق بەشێکی زۆری داواکاری و خواستەکانی کوردی تێدا جێنەکراوەتەوە و دەبوو باشتربێت لەوەی کە ئێستا ھەیە، بەڵام ئەگەر بە چاویلکەی دەساڵی رابردووی کێشەو قەیرانی تاقەت پڕووکێنەکانی ھەرێم تەماشای بکەین ئەوکات تێدەگەین سەرباری کەلێن و کەموکورتییەکانی بودجەکە، کە بۆ سێ ساڵی داھاتووە ھیوایەکە بۆ بوژانەوەی ژیانی فەرمانبەران و بەگشتی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ ساڵانی پێش قەیرانی دارایی یان راستتر بڵێم گەڕانەوە بۆ ژیانی ساڵانی خۆش گوزەرانی ، ئەو کاتەی کە دابەشکردنی مووچە ھەواڵی گەرمی میدیاکانی ھەرێم نەبوو پێشینەی خانووبەرە و ھاوسەرگیری و پڕۆژەی گەورەو بچووک مافێکی بچوکی خەڵک بوو ، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە شارو شارۆچکەکان بێ گرفت جێبەجێ دەکران و کارو کاسپی خەڵک بێ کێشە و بەگشتی زۆرینەی خەڵک لەخۆشیدا دەژیان .

راستە بودجەی پەسەندکراوی عێراق کە بۆساڵانی(2023-2024-2025) ە بەڕادەیەکی زۆر خواستەکانی کوردی وەک پێویست تێدا جێ نەکراوەتەوە و نادادپەروەرییەکی زۆری تێدایە لە دابەشکردن و دابینکردنی بودجە بۆ ھەموو گەلی عێراق بەشێوەیەکی بەیەکسان ، ھەرچەندە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد ھەوڵی زۆریاندا بۆ جێکردنەوەی مافەکانی کورد لە بودجەدا بەڵام وادیارە لەم دەستبادان و ژینگە شێواوەی عێراق و پێگەی لاوازی کورد لە بەغداد ھەر ئەوەندەیان پێ کرا رەنگە چنگە کڕێی ئەوان نەبوایە ئەوەش نەدەکرا ، لەوەگەڕێین ئەوە تازە بوو بە بەشێک لە رابروو ئەوەی ئێستا گرنگە پابەندبوونی ھەردوو حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمە بەجێبەجێکردنی ھەموو بڕگەکانی بودجەکە بۆ ئەوەی بەبێ سەر ئێشەو بێنەو بەردە لەمەودوا بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و ھیچ لایەک سەرئێشە دروست نەکات .

ئەگەر وەک ئەوەی پەسەندکراوە بەشە بودجەی ھەرێم بەبێ گرفت رەوانە بکرێت بەدڵنیایی گۆڕانکارییەکی گەورەو ریشەیی لە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە و کۆتایی دێت بەو سەدان قەیران و گرفتانەی کە خەڵک ساڵانێکە بە دەستییەوە گیرۆدە بووە ، کێشە گەلێک کە جگە لە ژیانی بەرپرسان و دەست رۆیشتووەکان بەتەواوی ژیانی ژیانی خەڵکی بەگشتی ھەرەسان کردووە ، ھەرچۆنێک بێت ئەوەی رۆیشت تێپەڕی ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵک کەمێک بەئارامی و دوور لەو ھەموو قەیران و کێشانە بژی و تۆسقاڵێک ھەست بە خۆشی و ئارامی بکات .

خەڵکی ھەرێمی کوردستان نزیکەی دە ساڵە باجی سیاسەتی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و دەستبادانی بەشێک لە بەرپرسانی ھەرێم دەدات لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دوای ئەو ھەموو ساڵە بینیمان ھەرێم بە ناچاری گەڕایەوە بۆ سەر سفرەو بەڕەی بەغدادو بەھەموو داواکارییەکانی قایل بوو ، پاش ئەم ھەموو مێووژ تەڕبوونەش ئێستا کاتی ئەوەیە بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو تاقە پەنجەرەیەدا دەکەین کە بەغداد بەڕووی ھەرێمدا خستوویەتیە سەر پشت ، گرنگە پەند لەھەڵەکانی رابردوو وەربگرین و جارێکی دیکە سەکێشی و ریسک بە ژیان و گوزەرانی میلەتەکەمانەوە نەکەین و لێ گەڕین بۆ لەمەودوا کەمێک بەبێ کێشەو قەیران بژین …

عێراق؛ ٢١ بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکران
پێشت عێراق؛ ٢١ بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکران
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بودجە پەیامێکی بڵاوکردەوە
دواتر نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بودجە پەیامێکی بڵاوکردەوە
ەیوەندیدار