نۆ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ساڵی دا٢٠١٤ داعش مووسڵی داگیرکرد



 شاری مووسڵ، کە بەدووەم گەورە شاری عێراق دادەندرێت، لە ١٠ی حوەزیرانی ٢٠١٤ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیرکرا کە ھەموو جیھان بەو رووداوە تووشی شۆک بوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە میانی داگیرکردنی شاری مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤، ھەزار و ٤٢٩ مەدەنی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون، ھەروەھا ، ٢٣٥ ھەزار کەسی دیکەیش ئاوارە بوون.

 

رۆژی شەشی حوزەیرانی ٢٠١٤ ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە میانی سێ رۆژدا و بەدیاریکراوی لە نۆی حوزەیران ھێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ کە بەدووەم گەورە شاری عێراق دادەندرێت .

 

مووسڵ لە ١٠ی حوەزیرانی ٢٠١٤دا، بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیرکرا.

داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن داعشەوە دوای ئەوە ھات کە ھەزاران سەربازی سوپای عێراق بێ ھیچ رووبەڕووبوونەوەیەک ھەڵاتن و چەک و جبەخانەی گەورەی سەربازییان بۆ رێکخراوەکە جێھێشت، ئەمەش بووە ھۆی بەھێزبوونی توانای سەربازیی داعش و لێرەوە جوڵەکانی خۆی دەستپێکرد و پێگەی خۆی لە عێراق بەتایبەت لە شاری مووسڵ بەھێز کرد.

 

رۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤، وتەبێژی داعش، ئەبو محەمەد عەدنانی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا خەلافەتی ئیسلامی لە مووسڵ راگەیاند، ھاوکات ئەبوبەکر بەغدادی-یشی بە خەلیفە راگەیاند.

 

چەند رۆژێک دواتر و بەدیاریکراوی لە رۆژی چواری تەمووزی ھەمان ساڵ، ئەبوبەکر بەغدادی لە وتاری نوێژی ھەینیی لە مزگەوتی نوری لە شاری مووسڵ بەدیار کەوت و رایگەیاند کە شوێنکەوتووانی خەلافەتیان راگەیاندووە و ئەویشیان وەک خەلیفە دیاری کردووە.

 

دواتر چەکدارانی داعش ھێرشی فراوانیان بۆ داگیرکردنی شارەکانی دیکەی عێراق و فراوانکردنی ھەژموونی خەلافەتەکەیان دەست پێکرد و توانیان دەستبەسەر تەواوی پارێزگاکانی مووسڵ، ئەنبار و بەشێکی زۆری پارێزگاکانی سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووک -دا بگرن.

 

ھۆکارەکانی کەوتنی شاری مووسڵ

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دانیشتوانی شاری مووسڵ و ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، دژ بە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە ناوچەکانیان، ھەروەھا نەبوونی دەرفەتی کار و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی ھۆکار بوون بۆ ئەوەی شارەکە بکەوێتە دەستی ئەو ڕێکخراوە.

 

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی عێراق کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون، بەبڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی شاری مووسڵ و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا کەمتەرخەم بوون پێکھێنرا.

 

وێڕای کارەکانی لیژنەکە و کاری چەندین لیژنەی دیکە کە بۆ ھەمان مەبەست پێکھێنران، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ھیچ ھۆکارێک بۆ کەوتنی شارەکە بەدەستی داعش دیاری نەکراوە، تەنھا ئەوە نەبێت کە بەرپرسانی ئەو کات و ئەندامانی لیژنەکان لە راگەیاندنەکانەوە باس لەوە دەکەن کە سەرۆکوزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالیکی بەرپرسە لە کەوتنی شارەکە.

 

زیانە گیانی و ماددییەکانی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە

لە یەکی مانگی تەمووزی ٢٠١٧ دا، رۆژنامەی ئیندپێندیتی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی عێراق بڵاویکردبووە، ژمارەی ئەو مەدەنیانەی کە لە کەوتنی شاری مووسڵ تا کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە کوژراون، گەیشتووەتە ٤٠ ھەزار کەس.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە میانی داگیرکردنی شاری مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤دا، ھەزار و ٤٢٩ مەدەنی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، کوژراون.

 

ئاشکراشی کردبوو، لە میانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، ٣٠ ھەزار تیرۆریستی داعش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.

 

بە وتەی بەرپرسانی عێراق بەھۆی کەوتنی شاری مووسڵ، بەرێژەی لە سەدا ٧٠ زیان بە ژێرخانی شارەکە کەوتووە و رایانگەیاندووە کە زیانە ماددییەکانی شەڕی مووسڵ بە ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا تا ٢٠١٧دا، ١٥ ملیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی شارەکە خەرجکراوە.

 

لە کاتێکدا بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەھۆی ھێرشەکانی داعش بۆسەر شاری مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٧، ٢٣٥ ھەزار کەس ئاوارە بوون، بەڵام پێشتر بەرپرسانی پارێزگاکە ئاشکرایان کردبوو کە ٣٥٠ ھەزار کەس ئاواربوون.

 

ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان، روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و لە کەمپەکاندا نێشتەجێ کران.

 

حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی شەڕی داعش گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ھێشتا ژمارەیەکی دیکەیان بەهۆی رووخانی خانووەکانیان و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و لە کەمپەکاندا دەژین.

 

داگیرکردنی شاری مووسڵ جیھانی تووشی شۆک کرد

داگیرکردنی شاری مووسڵ و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی عێراق لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، وڵاتانی جیھانی تووشی شۆک کرد، ئەوە بوو لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠١٤، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەڕابەرایەتیی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق و سووریا، پێکھێنرا.

ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کە ٨٥ وڵات تیایدا ئەندامن لە ساڵی ٢٠١٤وە رۆڵێکی گرنگ و کاریگەرییان ھەیە لە تێکشکاندن و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا.

ھەروەھا ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ساڵی ٢٠١٧ بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، چەندین ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر رێکخراوی داعش لە عێراق ئەنجامدا کە لە میانیدا گورزی گوشندەیان لە تیرۆریستانی رێکخراوەکە وەشاند.

 

ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ

رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە بەپاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دەستیپێکرد و رۆژی ١٠ی تەمووزی ٢٠١٧، دوای شەڕێکی سەخت، شارەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکرایەوە.

سەرۆکوەزیران ئەوکات و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر تیرۆریستانی داعش راگەیاند.

وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانییەوە، ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.

دوای زیاتر لە ١١ کاتژمێر ڕزگار کران
پێشت دوای زیاتر لە ١١ کاتژمێر ڕزگار کران
کارەساتەکانی بودجە پاش پەسەندکردن
دواتر کارەساتەکانی بودجە پاش پەسەندکردن
ەیوەندیدار