وەرزی دروێنەکردنی گەنم و جۆ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد


ساڵانە لە مانگی ئایاردا، وەرزی دروێنە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و وادەی چاندن و دروێنەکردن بەپێی شوێنی جوگرافی لەنێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکی دیکە جیاوازییەکی کەمی هەیە.

وەرزی چاندن لە مانگی تشرینی دووەم دەست پێ دەکات و لە مانگی ئایاردا، دروێنەوە ئەنجام دەدرێت و جووتیاران ئامێری دەڕاسە بەکاردەهێنن بۆ دروێنەکردنی گەنم و جۆ.

لە دەوروبەری شاری ھەولێر چەند دەشتێکی پان و فراوان هەیە، ئەم دەشتانەش چەند ناوێکی تایبەت بەخۆیان هەیە وەک دەشتی شەمامک، بەڕانەتی، ملکییە، قەراج و کەندێناوە کە خاکەکەیان بۆ کشتوکاڵ بە پیتن و دانەوێڵەکانی ناوبانگیان دەرکردووە.

لەئێستادا وەرزی دروێنەکردنی جۆ لە دەشتی ملکییەی پارێزگای هەولێر دەستی پێ کردووە و جووتیاران دەستیان کردووە بە هەرەوەزیی و دروێنەکردنی دەغڵودان و بەروبوومەکانیان، جووتیارێکیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ بەرهەم زۆر باشە، بەجۆرێک ئەمساڵ یەک بە ١٥ی بڕیووە لە کاتێکدا پارساڵ بەهۆی دواکەوتنی بارانەوە هیچ بەروبوومێک پێنەگەیشت.

جووتیار، جەلال کەریم کاکەمین کە دانیشتووی گوندی ترپەسپیانی دەشتی ملکییەیە و زەوییەکەی کەوتووەتە گوندی باقرتەی دراوسێیان لەگەڵ خێزانەکەی بە کۆمەڵ خەریکی کاری دروێنەکردن و هەڵگرتنەوەی بەروبوومەکەن.

جەلال کەریم کاکەمین لەبارەی پڕۆسەی چاندن و دروێنەکردن وتی: “بە گشتی جووتیارەکان دەڵێن لە ١٥ی تشرینی دووەم زەوی پەسەندە و دەست بە چاندنی تۆو دەکرێت، پڕۆسەکە بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، سەرەتا کە باران دەبارێت، ئەوا زەوییەکە ئامادە دەکرێت بۆ جووتکردن، پاشان خرتەی دەکەین و دواییش تۆوی دەکەین و چاوەڕوانی بارانبارین دەکەین بۆ ئەوەی بیدوورینەوە”.

جەلال کەریم کاکەمین وتیشی: “ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە لە رووی کشتوکاڵییەوە جیاوازە، بۆ نموونە لە دەشتی کەندێناوە لە مانگی کانوونی یەکەمدا کاتەکە درەنگە، چونکە لەوێ لە پێنجی ئایار دروێنە دەست پێ دەکات و لەلای ئێمە لە ١٥ی ئایار دەست پێ دەکات، بۆیە جیاوازی کاتمان هەیە لەنێوان ناوچەکان، بە گشتی لە چاندن تا دروێنە نزیکەی شەش مانگ چاوەڕێ دەکەین”.

سەرچاوە؛ AA
داوای کشانەوەی سوپای تورکیا لە خاکی عێراق دەکرێت
پێشت داوای کشانەوەی سوپای تورکیا لە خاکی عێراق دەکرێت
ناوی بەشداربوونی لوتکەی عەرەبی ئاشکرا کرا
دواتر ناوی بەشداربوونی لوتکەی عەرەبی ئاشکرا کرا
پەیوەندیدار