هەدەپە هۆشداری دەداتە دەنگدەرەكانی



“هەر دەنگێكی بەفیڕۆچوو لەبەرژەوەندی ئاكەپەیە”

میتحات سانجار هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە بە دەنگدەرانی ڕاگەیاند “هەموو دەنگێكی بەفیڕۆچوو” سوودی بۆ ئاكەپە و مەهەپە دەبێت.

سانجار لە ئامادەبوونیدا لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی نووسینگەی پەیوەندییەكانی پارتی چەپی سەوز لە گەڕەكی لیمۆنتەپەی ناوچەی قەرەباغڵوی ئیزمیر رایگەیاند “هەموو دەنگێك كە بە فیڕۆ بدرێت لە بەرژەوەندی حكومەتی ئاكەپە-مەهەپەدایە. با ئەمە بە ڕوونی ببینین. بەڵێ با دەنگەكانمان بەفیڕۆ نەدەین، با دەنگ بە دەسەڵاتی گۆڕانكاری، ئیرادەی گۆڕانكاری، بە چەپی سەوز بدەین.”

هاوكات هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدرنەوە لە تویتێكدا ڕایگەیاند “دڵنیام هۆكاری زۆر باشتان هەیە بۆ دەنگدان بەو حیزبەی لە هزر و ناخی خۆتانە، بەڵام ئەگەر بە دەنگی ئێوە نوێنەرەكە لانەبرێت، ئەوا لێكەوتەی زۆر جددی دەبێت، تكایە با لە بیرۆكەكاندا یەكبگرین، تكایە دەنگ بدە بەو پارتانەی دەتوانن نوێنەر دابنێن.”

دەشڵێت “هەر دەنگێك نەبێتەهۆی سەركەوتنی نوێنەر، سوودی بۆ ئەردۆغان دەبێت، ئەگەر ئەو حیزبەی دەنگت پێدا نەتوانێت نوێنەر بەدەست بهێنێت، ئەوا بە دەستی خۆت ئایندەی خۆت تاریككردووە، كەواتە ئەمە گاڵتە نییە، یان دیكتاتۆریەتی تەواوە یان دیموكراسی.”

سانجار لە ئیزمیر لە چوارچێوەی چالاكییەكانی هەڵبژاردندا ئاماژەی بەئەوەكرد “هەدەپە لەسەر بنەمای كەڵەكەبوونی هەموو خەباتە شۆڕشگێڕییەكان، ئازادی و خەباتەكانی دیموكراسی و هەموو خەباتەكانی سۆسیالیزم نوێنەرایەتی دەكات، تێكۆشانی ئازادیخوازی و خۆڕاگری كورد لەگەڵ تێكۆشانی هێزە شۆڕشگێڕ و دیموكراتییەكانی توركیا لەم حیزبەدا كۆبووەتەوە، ئێستا هەموو پاشەكەوتی هەدەپە لە پارتی چەپی سەوزدایە.”

سانجار دەشڵێت “حكومەت لە هەدەپە دەترسێت، ڕیشەی دارەكەی پارتی چەپی سەوز لە یەك خاكدایە، لق و گەڵاكانی لە هەمان سەرچاوە خۆراكیان پێدەدرێت، ئەم حیزبە ئێستا ڕێپێوانەكەی لە ئەستۆگرتووە و هەنگاوی پتەو بەرەو ئامانجەكە دەنێت، ئێمە دێین بۆ ناردنی ئەم هێزە بە دڵنیاییەوە ئەم دەسەڵاتە ستەمكارییە لادەدەین و ئەم فەرمانڕەوایە”.

شەڕی راگەیاندنی پارتی و یەكێتی گەرمدەبێتەوە
پێشت شەڕی راگەیاندنی پارتی و یەكێتی گەرمدەبێتەوە
ژەهراویكردنی خوێندكاران بەردەوامە
دواتر ژەهراویكردنی خوێندكاران بەردەوامە
ەیوەندیدار