مەسرور بارزانی: ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و كارانە نین كە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكرێن



ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بڕیاریدا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەروداوەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێكبهێنێت و لەكۆبونەوەكەشدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەركۆنەی هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كرد و رایگەیاند، حكومەتی هەرێم، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و كارانە نین كە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكرێن و لە دەرەوەی یاسا بەركارەكانی حكومەتی هەرێمن

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ چوار شەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بڕگەی یەكەمی كۆبونەوەكە، گفتوگۆكردن بو لەبارەی گرنگیی پاراستنی هاوڵاتییان و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خۆبەدورگرتنی هەرێمی كوردستان لە ڕاكێشانی كێشە ناوچەیی و دەرەكییەكان بۆ ناو هەرێم.

مەسرور بارزانی بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ڕوداوەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەربڕی و جەختی لەوە كردەوە، “حكومەتی هەرێم سەركۆنەی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەر بەشێكی هەرێمی كوردستان دەكات”.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشكردووە، “حکومەتی هەرێم، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمن و ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو کار و جموجۆڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبێت”.

وتیشی، “ئێمە بە هەمو شێوەیەک لەگەڵ هاوڵاتییانی خۆشەویستی سلێمانین و نابێت باجی ئەو ڕوداوانە بدەن”.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ، حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە و بەدواداچون و دەرخستنی ڕاستییەكان، بۆ ئەو ڕوداوانەی فڕۆكەخانەی سلێمانی دروست بكات بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی وەستانی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی و دواتریش ئەو هێرشەی لە نزیك فڕۆكەخانە ڕوویدا.

بڕگەی دوەمی کۆبونەوە بریتی بو لە خستنەڕوی ڕاپۆرتێک لەبارەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی گشتی کە لەلایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕو.

سەرۆک وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیر و وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو چاکسازیانەی لە بواری تەندروستیدا ئەنجامدراون ، جەختی لەوەکردەوە، “پێویستە کاری زیاتر بکرێت لە سەر باشترکردنی کەرتی تەندروستی و نەهێشتنی هەمو ئەو گرفت و کەموکورتییانەی لەم بوارەدا هەن لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییان”.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد کە بانکەکانی پارێزگای سلێمانیش (وەکو پارێزگاکانی تری هەرێم) پابەند بکات بەوەی نەختینەی پێویست و بۆ کڕینی دەرمان دابین بکەن.

لە کۆتاییدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕەشنوسی (سیاسەتی پاراستنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان ) خستەڕوو، کە بریتییە لە کۆمەڵێک بەرنامە و ڕێکار بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و سوکایەتی پێکردن و پشتگوێخستن لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

دوای خستنەڕوی چەند تێبینی و سەرنجێک بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی ڕەشنوسەکە ، ئەنجومەنی وەزیران سیاسەتی پاراستنی منداڵی پەسەند کرد.

 

“فرۆشتنی جگەرەی ئەلیكترۆنی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە”
پێشت “فرۆشتنی جگەرەی ئەلیكترۆنی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە”
نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاست
دواتر نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاست
ەیوەندیدار