ئێران مامەڵەكردن بە دۆلارەوە كەمدەكاتەوە



 

سكرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران، عەلی شەمخانی، ئەوەی ئاشكرا كرد كۆتایی هاتنی توانای زاڵبوونی دۆلار بەسەر ئابووری و بۆرسەی بازرگانیدا، خێراتر بووە.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی “ISNA”ی ئێرانی، شەمخانی لە تارانی پایتەخت لەگەڵ ئیگۆر لەڤیتینی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا، ڤلادمیر پوتین، كۆبووەتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە قۆناغی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی ئابووری و بانكداری و خێراكردنی دەستپێكی پڕۆژەی باكوور-باشوور، كراوە.

شەمخانی، باسی لەوەش كرد، هەماهەنگییەكانی نێوان تاران و مۆسكۆ لە كاروبارەكانی دارایی و پارەی هاوبەشدا بۆ لە چالاكی خستنی سزا ئابوورییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا، گەیشتووەتە كۆتا قۆناغ “ئەو رێگایەی زۆرێك لە وڵاتان تیایدا بەشدارن بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری دۆلار و گۆڕینی ئابووری هەرێمی و نێودەوڵەتی، وادەكات زاڵبوونی رۆژئاوا بەسەر ئابووری جیهاندا تا نزمترین ئاست داببەزێت”.

ناوبراو جەختی لەوەش كردەوە، بە پێداگری سەرۆكانی رووسیا و ئێران، هیچ بەربەستێك لەبەردەم دروستكردنی رێڕەوی باكوور- باشوور نەماوە كە رۆڵێكی گرنگی دەبێت لە ناوچەكەدا.

لای خۆشییەوە لەڤیتین باسی لەوە كرد، حكوومەتی مۆسكۆ سوورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە “مۆسكۆ ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو وەبەرهێنانانەی لە بوارەكانی ئابووری و سەرمایەدا دەبنە هۆی سوود گەیاندن بە زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە”.

ئێران و رووسیا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە رێككەوتوون لەسەر بەكارهێنانی دراوی ناوخۆیی لە مامەڵە بازرگانییەكانی نێوانیاندا.

ژەهراویكردنی خوێندكاران دەستیپێكردەوە
پێشت ژەهراویكردنی خوێندكاران دەستیپێكردەوە
سلێمانی حاڵەتی ئامادەباشی ڕاگەیاند
دواتر سلێمانی حاڵەتی ئامادەباشی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار