وتەبێژی حکومەت هێرش دەکاتە سەر یەکێتی و قوباد تاڵەبانیش وەڵام دەداتەوە



جوتیار عادل, وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی لەسەر هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:”نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر بە پەلاماردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەردەبڕین، ئەم دۆخە ترسناکە لە ئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بۆ کاری نایاسایی هاتۆتە ئاراوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتیش دەڵێت جوتیار عادل وتەبێژ نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات”.

جوتیار عادل لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەشڵێت:” رەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حزبی لە سنووری سلێمانی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕوکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت، لە ئەنجامیشدا هاووڵاتیانمان لەو دەڤەرە باجی هەڵەکانیان بدەن”.

‏‎وتەبێژەکەی حکومەت دەشڵێت:” پێویستە کۆتایی بەم کارە ناڕەوایانە بێت و دەسەڵاتی حکومەت بگەڕێتەوە و حوکمڕانییەکی شایستە، کە شایانی خەڵکی سلێمانی بێت و لە خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیدا بێت، جێگیر بکرێت و کۆتاییش بەو دۆخە ئاڵۆزەی ئەو دەڤەرە بێت و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی سەربەرزی سلێمانی دەستەبەر بکرێت”.

لە وەڵامی ڕاگەیەنراوەکەی وتەبێژەکەی حکومەتیشدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین. بە ئامانج گرتنی فرۆکەخانەیەکی مەدەنی نەک تەنها بەزاندنی سیادەی عیراقە، بەڵکو تەسعیدێکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی کوردستان.

تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەهەمان کاتدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕوون دەکەینەوە کە جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و بە هیچ شێوەیەک بۆی نییە بە ناوی هەموو حکومەتەوە قسە بکات و دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین.

١٠٠ صاروخ و ١٠٠ مانا
پێشت ١٠٠ صاروخ و ١٠٠ مانا
هەڤاڵ ئەبوبەکر: سەرکۆنەی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین
دواتر هەڤاڵ ئەبوبەکر: سەرکۆنەی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین
پەیوەندیدار