لە ساڵێكدا 87 كورد لەسێدارە دراون



لەئێران سزای كوردان لە سزای نەتەوەكانی دیكە قورسترە
لە دوای ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییەی پاش مەرگی ژینا ئەمینی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئاماری پێشێلكاریەكان بەڕێژیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بە شێوەیەك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هەزاران هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.
بە پێی ئامارەكانی ڕێكخراوی هانا بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بارەگاكەی لە كەنەدایە و لە زۆربەی وڵاتان نوێنەریان هەیە، تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا ئێران 8000 هاووڵاتی كوردی دەستگیركردووە كە 263 كەسیان ژنن. ئەمە بەدەر لەوەی هەر لەمساڵدا 152 كەس بە تەقەی هێزە ئەمنیەكان كوژراون و لانیكەم 87 كوردیش لە سێدارە دراون و 131 كەسیش خۆیان كوشتووە، كە سەرجەمیان لە ناوچە كوردنشینەكانن.
هادی ڕەسوڵی وتەبێژی ڕێكخراوی هانا، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند،” ئەم ئامارانە دەرخەری ئەوەیە تاوانی دژی مرۆڤایەتی هەیە، كە كورد پشكی شێری بەركەوتووە لەم تاوانكاریە.”
هادی ڕەسوڵی گوتی: بۆ دەستكەوتنی ئاماری وردی قوربانییەكان، ڕێكخراوی هانا پشت دەبەستێت بە شانەو ئەندامەكانی كە لە ناو ئێراندا بە شێوەیەكی نهێنی كاردەكەن. ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئێران بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنەی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بووەتەوە لەسەر بڵاونەكردنەوەی تۆماری وردی پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ.
ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەكرێت. ڕاپۆرتی ئەمساڵی ڕێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لەسەر ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا سەبارەت بە لەسێدارەدانەكانی ئێران دەڵێت لە نەورۆزی ساڵی 2022 وە هەتا سەرەتای ئەم ساڵ لەسێدارەدانی 306 كەس تۆمار كراوە.
هەندێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانی ئاگادار دەڵێن كە ئێران جیاوازییەكی زۆر لە نێوان سزادانی كورد و نەتەوەكانی تردا دەكات بەشێوەیەك كە گیراوانی كورد توندتر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
شەوبۆ خزری، پارێزەر و چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ، بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند “ئەگەر كەسێكی كورد دەستگیر بكەن سزای قورسی دەدەن، بەڵام لە شارەكانی تر سزاكان سوكترن. زۆر جار لەسەر مادەی هۆشبەر كوردەكان ڕاستەوخۆ سزای لە سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام نەتەوەكانی تر بۆ هەمان تاوان سزای زۆر سوك دەدرێن. ئەمە بەدەر لەوەی لەسەر ئینتیمای سیاسی ساڵانە ژمارەیەكی زۆر كورد لە سێدارە دەدرێن، بەڵام لە شارە فارسەكان لە سێدارە نادرێن.”
ڕێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤی جیهانیش لە ڕاپۆرتەكەی ئەمساڵدا ئاماژە بە جیاوازی كردن لە دژی كەمینە ئاینی و نەتەوەییەكانی ئێران دەكات، ڕاپۆرتەكە دەڵێت ” حكومەتی ئێران زۆر بە دڕندانە سەركوتی خۆپیشاندانەكانی كردووە و هێزەكانی ئاسایش بە شێوەیەكی نایاسایی هێزی لە ڕادەبەدەر و كوشندەیان لە دژی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە.”

 

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دەوامەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە
پێشت وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دەوامەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە
كار بۆ دروستكردنی سەیرانگایەك لە خەمەڵووكەی ماوەت دەكرێت
دواتر كار بۆ دروستكردنی سەیرانگایەك لە خەمەڵووكەی ماوەت دەكرێت
ەیوەندیدار