وەڵامی فەرمی ڕووسیا بەرامبەر بە بڕیاری دەستگیركردنی پۆتین



دیمتری مێدڤێدیڤ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕووسیا، بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان دەداتەوە سەبارەت بە دەركردنی یاداشتی دەستگیركردن بۆ ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕووسیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.

مێدڤێدیڤ لە ئەژماری خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بە زمانی ئینگلیزی نوسی: پێویست بەوەناكات بۆمان ڕوونبكەنەوە ئەم كارتە لە كوێ‌ بەكاردەهێنرێت؟ لە كۆتایی تویتەكەشیدا نیشانەیەكی “ئیمۆجی” داناوە كە گوزارشتە لە كلێنكسی تەوالێت، وەك ئاماژەیەك بۆ بێ‌ كەڵكی یاداشتەكە.

لای خۆیەوە، ماریا لڤلۆڤا كۆمسیاری مافەكانی منداڵی ڕووسی كە بە هەمان شێوە لەلایەن دادگاكەوە یاداشتی دەستگیركردنی بۆدەركراوە ڕایگەیاند”لەلایەن هەموو وڵاتانەوە سزام بەسەردا سەپێنراوە، تەنانەت لەلایەن ژاپۆنیشەوە، ئێستاش یاداشتی دەستگیركردن”.

لڤلۆڤا وەك ئاژانسی ریا نۆڤۆستی ئاماژەی پێكردووە، بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت”جوانە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێزی لە كارەكەمان گرتووە بۆ یارمەتیدانی منداڵانی وڵاتەكەمان، ئێمە لە ناوچەكانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان جێیان ناهیڵین و دەیانبەینە دەرەوەی ئەو ناوچانە”.

مارگریتا سیمۆنیان بەڕێوەبەری كەناڵی تەلەفیزیۆنی (ئاڕ تی) ڕووسی هەڕەشەیەكی ناڕاستەوخۆی لەو وڵاتانە كرد كە دەیانەوێت پۆتین دەستگیر بكەن.

ئەو لەسەر تویتەر وەك ئاماژەیەكی ڕوون بۆ خێرایی مووشەكە ڕووسییەكان نوسیویەتی”دەمەوێت ئەو وڵاتە ببینم كە پۆتین دەستگیردەكات بەپێی بڕیارەكەی لاهای. گەیشتن بە پایتەختی ئەو وڵاتە هەشت خولەكە”.

لای خۆیەوە لیژنەی لێكۆڵینەوەكان لە توێژینەوەی تاوانەكان لە ڕووسیا، فەرمانی بە كردنەوەی لێكۆڵینەوەیەك كرد سەبارەت بە “دەركردنی بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان، لەباری بڕیارە نایاساییەكان دژ بە هاووڵاتیانی ڕووس”.

دەبێت لێكۆڵەرە ڕووسەكان ناسنامەی ئەو دادوەرانە دەستنیشان بكەن كە لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان، دەستییان لە دەركردنی ئەو بڕیارانەدا هەبووە.

پێشتر ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەسەر تێلیگرام بڵاویكردبۆوە”بڕیارەكانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان سەبارەت بە وڵاتەكەمان هیچ گرنگییەكیان نییە”.

بە وتەی زاخارۆڤا”ڕووسیا لایەن نییە لە سیستمی سەرەكی ڕۆما بۆ دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان و پابەند نابێت و هەماهەنگی دادگاكە ناكات”.

زاخارۆڤا دەڵیت”بڕیارەكانی دەستگیركردن لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان سەبارەت بە ڕووسیا لەڕووی یاساییەوە پوچەڵن”.

دیمتری پیسكۆڤ، وتەبێژی كرملین لای خۆیەوە بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند”ڕووسیا وەك ژمارەیەك لە وڵاتانی تر، دان بە تایبەتمەندی دادگاكەدا نانێت، بۆیە لە ڕوانگەی ڕووسیاوە نایاساییە، بڕیارەكانی دادگاكە پوچەن”.

دوێنێ‌ هەینی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان، یاداشتی دەستگیركردنی بۆ پوتین دەكردە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆكراینا لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەكەی ڕووسیا لە شوباتی 2022.

هەر لەو بارەیەوە، عەبدوڵڵا فادی وتەبێژی فەرمی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاری دەستگیركردنی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕووسیا ئیدانەكردن نییە، بەڵكو بانگهێشتكردنە بۆ ئامادەبوون و لێكۆڵینەوە.
فادی پێیوایە، جێبەجێكردنی دەستگیركردنی پوتین پەیوەستە بە هاوكاری نێودەوڵەتییەوە، بەو پێیەی سەرۆكی ڕوسیا گومانی تاوانی جەنگی لێدەكرێت.

عەبدوڵڵا فادی دەڵێت” ئەو وڵاتانەی ئەندامی دادگاكە نین، پابەندنین بە بڕیارەكانییەوە، بۆیە یاداشتی دەستگیركردنی پوتین تەنیا لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا گشتاندنی بۆ دەكرێت.

بارهەڵگرێك ژنێك دەكات بەژێرەوە و گیان لەدەست دەدات
پێشت بارهەڵگرێك ژنێك دەكات بەژێرەوە و گیان لەدەست دەدات
پارێزەرێك: جیابوونەوەی هاوسەران زۆرتر دەبێت و هیوا بەساڵانی ڕابردوو دەخوازین
دواتر پارێزەرێك: جیابوونەوەی هاوسەران زۆرتر دەبێت و هیوا بەساڵانی ڕابردوو دەخوازین
ەیوەندیدار