دادگای فیدڕاڵی بڕیار لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەدات



سەرۆكی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و سكاڵاكار لە دۆسیەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دادبینی كرا و لە 29ی مانگیش جارێكی دیكە دادبینی دەكرێت و دەشڵێت: “ئامانجمان دەستەبەری ھەڵبژاردنی پاک و بێلایەن کردنی چەکە”.

د. یوسف محەمەد، سەرۆكی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ ١٥/ ٣/ ٢٠٢٣ دانیشتتنێکی تری دادبینیی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسییەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی تری ھەرێم بەڕێوەچوو.

ڕوونیشی كردۆتەوە، دادگا جارێکی تر وتەی ئێمە و پارێزەرانی داوالەسەرکراوی وەرگرت. دواتر داوایەکی پارێزەرانی پەرلەمانی ڕەت کردەوە بۆ بەشداری پێکردنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە پڕۆسەی دادبینی.

دەشڵێت: “بۆ وردبینیی زیاتری دۆسیەکە، دادگای باڵای فیدڕاڵی ڕۆژی ٢٩/ ٣/ ٢٠٢٣ی دیاری کرد بۆ دانیشتنی داھاتوو”.

جەختیشی كردۆتەوە، “ئامانجی ئێمە لە داوای (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) تەنھا بە نادەستوری ناساندنی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نییە، بەڵکو جگە لەوە ئەخوازین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەقی ڕوون لەخۆ بگرێ سەبارەت بە سەپاندنی پاکیی ھەڵبژاردن و بێلایەن کردنی ھێزە چەکدار و ئەمنی و ھەواڵگرییەکان و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ھەرێم”.

ئاشكراشی كردووە، سەرباری بوونی فشاری زۆر لەسەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، بەڵام ئومێدەوارین بڕیاری دادگا لە قازانجی خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسیی ھەرێم بێ.

كارتی نیشتمانی زانیاری لەسەر وەرگرتنەوەی كارتەكە بە هاووڵاتیان دەدات
پێشت كارتی نیشتمانی زانیاری لەسەر وەرگرتنەوەی كارتەكە بە هاووڵاتیان دەدات
قائیمقامی سلێمانی باسی نرخی گۆشت و كرێی پاس دەكات
دواتر قائیمقامی سلێمانی باسی نرخی گۆشت و كرێی پاس دەكات
پەیوەندیدار