مەسرور بارزانی چارەسەربوونی كێشەی دواكەوتنی مووچەی راگەیاند


“بەپێی سیستمی هەژماری من چیدیكە مووچە دواناكەوێت و بوون و نەبوونی سیولە لەبانكەكاندا كاریگەری لەسەر مووچە نابێت”

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد “بەخستنەگەڕی سیستەمی بانكی و هەژماری من، كریدێت كارت كاری پێ دەكرێت و هەر مانگێك نەتوانرێت مووچە بدرێت، پێویست بە پارەی كاش ناكا و بە كریدێت دەتوانرێت مووچەكە وەربگیرێت”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئاداری 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند “هەركەسێك دەیەوێت لە خێر و بەرەكەتی هەژماری من بەشدار بێت، تا زووتر ئەو كارە بكات، قازانجی زیاتری خۆیەتی، نەك تەنیا بۆ مووچە، بەڵكوو كاتێك گەشتێكی دەرەوە دەكات، دەتوانێت بەو ئەكاونتەی خۆی و لەسەر هەژماری خۆی پارە خەرج بكات. هەروەها لە هەر شوێنێكیش بیەوێت دەتوانێت مووچە وەربگرێت و ئەو پرسە دەگەڕێتەوە سەر ئەو بانكەی سیستەمە پەیڕەو دەكات، كە ئێستا دوو بانك ئەو كارە دەكەن و بۆ داهاتوو بانكی دیكەش دێنە نێو ئەو سیستەمەوە”.

دەشڵێت “ئەگەر سیستەمی بانكی ئێمە بكەوێتە كار، هەر كەسێك دەتوانێت بە قەرز پارە وەربگرێت و لە ماوەی خۆیدا مووچەی خۆی وەربگرێت و لە هەر شوێنێك چی بووێت دەتوانێت بەو هەژمارەی خۆی كەلوپەل و پێویستی خۆی بكڕێت. ئەو بانكە بەرپرسە لەسەر ئەوەی حسابەكەی بخاتە كار و كاری بەشداربووەكەی جێبەجێ بكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەگەر ئابووریی وڵاتێك هەمووی پشتی بە پارەی كاش بەست، زۆر زەحمەتە كۆنتڕۆڵ بكرێت و مامەڵەش سنووردار دەبێت لە ڕووی ئەمنی و ڕووەكانی تریشەوە، بە نیازین ئەو پارەیە بە شێوەی ئەلیكترۆنی بكرێت لەژێر چاودێریی حكوومەت و بەستراوەتەوە بە تۆڕێكی نێودەوڵەتی، كە چاودێری لەسەر هێنان و بردنی پارە دەكەن و شەفافیەت دروست دەكات و ئەمەش بەشێكە لە چاكسازی و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان.

ڕاشیگەیاند “ئەگەر لە بری پارەی كاش، بتوانرێت بە كرێدیت كارەكان ڕاپەڕێنیت، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت، بۆ نموونە لە شوێنێك ناتوانرێت مووچە سەری مانگ بدرێت، بەم كریدێتە، ئەو كێشەیە تا ڕاددەیەكی زۆر چارەسەر دەكرێت، كەواتە چاوەڕێی سیولە و كاش بۆ مووچەكە ناكرێت و لە سیستەمی كریدێتی بانكیدا، جێگرەوەی سیولە و پارەی نەختینە دەبێت”.

سودانی لەبارەی بەكارهێنانی خاكی هەرێمەوە هۆشداری توندی دا
پێشت سودانی لەبارەی بەكارهێنانی خاكی هەرێمەوە هۆشداری توندی دا
كێشەی نەوت و بوودجە بەیەكجاری چارەسەر دەكرێن
دواتر كێشەی نەوت و بوودجە بەیەكجاری چارەسەر دەكرێن
پەیوەندیدار