شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ هەرێم دەگرێتەوە و بەفر دەبارێت



شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی باران بارینی بەخوڕ دەكات لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە و ڕایدەگەیەنێت، كە لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ڕۆژی سێ شەممەوە ١٤ی ئەم مانگە ناوچەکانمان دەكەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست و بارستە ھەوایەکی شێداری گەرمی لەگەڵدا دەبێت، کە لە وڵاتی سوریاوە کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژ ئەبێتەوە و سەرەتاش لەسنوری پارێزگای دھۆک کاریگەری ئەبێت بە بارانبارینی پچڕ پچڕ و لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکەشدا بە تاوە بارانی بەخوڕ و بەلێزمە.

ڕاشیگەیاند، بۆ ڕۆژی چوار شەممە ١٥ی مانگ ئەگەر ھەیە حاڵەتەکە بەھێزترببێت بەتایبەت لەسەر سنوری پارێزگای دھۆک بە چالاکبوونی ھەورە تریشقەی بەھێز و بارانی بەلێزمە و زۆر، کە لەھەندێ ناوچەی سنورەکەدا ببێتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.

ئاماژەی بەوەشكرد، ھەر لەڕۆژی چوار شەممە کاتە جیاوازەکانی نیوەڕۆ بۆ شەو کاریگەری فراوانتر ئەبێت بۆ سنوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین و سنووری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان بە تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورەتریشقە بەڕێژەی جیاواز لەھەر ناوچەیەکدا کاریگەری ئەبێت.

ئەو شارەزایەی كەشناسی وتیشی، “بۆ ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی مانگ کاریگەری بارستە ھەوا شێدارەکەی باشوور کەمدەبێتەوە و سەنتەری نزمە پاڵەپەستۆکەی دەریای ناوەڕاست دەگاتە ناوچەکانمان، کە بارستە ھەوایەکی ساردی لەگەڵدایە بەشێوەیەکی لاواز بۆ مامناوەند بارانی پچڕ پچڕ بەردەوامی ئەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و دەستپێکردنەوەی بەفر بارین لەناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا”.

پێدانی قەرزی كشتوكاڵی دەستی پێكرد و جووتیارێك 100 ملیۆنی وەرگرت
پێشت پێدانی قەرزی كشتوكاڵی دەستی پێكرد و جووتیارێك 100 ملیۆنی وەرگرت
سەمیرە كارزان گۆرانییەكی زەكەریا عەبدوڵڵا دەڵێتەوە
دواتر سەمیرە كارزان گۆرانییەكی زەكەریا عەبدوڵڵا دەڵێتەوە
ەیوەندیدار