وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: پشتیوانی هەرێم دەكەین



وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: هێشتا مەترسی داعش لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە

سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی لە ھەولێر پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆك كرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی پێشوازیی كرد لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆك و كۆبوونەوە.

لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، 800 ملیۆن یۆرۆمان بۆ ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان دابینكردووە، تا بتوانرێت هاوكاری بكرێن، چونكە سەدان ئاوارە و لێقەوماو ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، هەرێمی كوردستان هەزاران ئاوارەی لەخۆیگرتووە.

ئاماژەی بەئەوەشكرد”ئێمە تاوانی دژی ئێزدییەكانمان بە تاوانی جینۆساید ناساندووە، چونكە دەزانین ئەو تاوانە كاریگەری بۆ سەر چەندین نەوە دەمێنێتەوە”.

ئاشكراشیكرد هێشتا مەترسی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە و هێزەكانی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستاندان، بۆیە گرینگە هێزە ئەمنییەكان پێكەوە كاربكەن، دوێنێ لە بەغدا باسمان لە زیادكردنی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی بەغدا كرد، هاوكاری ئێمەش وەك ناتۆ زیاتر دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆر و كەمكردنەوەی ئەو كەلێنانەی هەن، بەهەموو شێوەیەك ئێمە پشتیوانیتان لێدەكەین.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی لە كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەكەدا سووپاسی ئەڵمانیای كرد لەبەرامبەر بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان و خوازیاربوو دەوڵەتانی دیكەش چاو لە ئەڵمانیا بكەن.

باسی لەوەشكرد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی پتەوكردنی دیموكراسی و جێبەجێكردنی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دۆست بەتایبەت ئەڵمانیا، باشكردنی گوزەرانی هاووڵاتیان كرا.

ئەوەشی خستەڕوو، لە گفتووگۆكاندا باسی شەنگال كرا، تا خەڵكی شەنگال بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و خزمەتگوزاریان بۆ دابینبكرێت و ڕێككەوتنی شەنگالی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداش جێبەجێبكرێت.

دوێنێ سێشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆك گەیشتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق كۆبووەوە.

هاوكات دوێنێ وەزیری بەرگری ئەمریكا لۆید ئۆستن سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی هەرێمی كوردستاندا كۆبووەوە و دووپاتی بەردەوامی پشتیوانییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە.

وەزیری بەرگری ئەمریكا لەسەردانەكەیدا داوای یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییە حیزبییەكانی كردووە.

پێشتر وەزیری بەرگری ئەمریكا چووبووە بەغدا لەوێ وێڕای بەسەركردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا، لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی حكومەتی عێراقیشدا كۆبووەوە.

 

باران بە لێزمە دەبارێت
پێشت باران بە لێزمە دەبارێت
ئەگەری بەشدارینەكردنی گۆڕان لەهەڵبژاردنەكاندا هەیە
دواتر ئەگەری بەشدارینەكردنی گۆڕان لەهەڵبژاردنەكاندا هەیە
پەیوەندیدار