لای ئێمە پەروەردە زۆر لە نەوت و گاز گرنگترە!



مامۆستا عەبدولواحید محەمەد

 

بەر لەوەی بچمە سەر كرۆكی مەبەستەكەم، دەمەوێت هەندێك ژمارەو داتا بخەمەڕو دەربارەی پڕۆسەی پەروەردە و ژمارەی مامۆستایان بە هەموو قۆناغەكانیەوە، كۆی ژمارەی مامۆستایان لە قۆناغی باخچەی منداڵانەوە تا دەگاتە زانكۆ و پەیمانگەكان، خۆی لە نزیكەی (170000) هەزار دەدات، پێویستە بوترێت ئەو ژمارەیە مامۆستایانی وانەبێژیش دەگرێتەوە ، كۆی ژمارەی خوێندكاران دەگاتە نزیكەی (2) دوو ملیۆن، بە شێوەیەك (1.800.000) خوێندكار لە وەزارەتی پەروەردە و (200000)هەزاریش لە زانكۆ و پەیمانگەكانە، زیاتر لە (6700) ناوەندی خوێندنیش هەیە لەگەڵ (31) زانكۆ بە هەردوو بواری گشتی و تایبەتەوە، ئەو ژمارانە ئەوە بە هەموو لایەك دەڵێت، دەبێت زۆر بە بایەخ و دیقەتەوە لێی بڕوانن و هەموو هەوڵێكیشی بۆ بدەن، چونكە ئەو پرۆسەیە بە هەموو قۆناغەكانیەوە، سەرچاوەی هەموو گۆڕانكاریەكانە بە هەردوو دیو، واتە ئەگەر بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و ببێتە جێی بایەخی نمرە یەك، ئەوە كۆمەڵگەیەكی تەندروستی و دوا رۆژێكی باشت بۆ مسۆگەر دەبێت، خۆ ئەگەر پێچەوانەی بێت روبەڕوی دەیان و سەدان كێشە و گیروگرفتی بوونیادی دەبنەوە و مەحاڵەبە ئاسانی لێیەوە دەر بچن، پێویستە بزانرێت، ئەو راستیە زۆر بە جددیەوە لە وڵاتانی خواپێداو تێی گەیشتون، تونای ماددی و مرۆیی زۆر باشیان بۆ فەراهەم كردووە و بەردەوامیشن، بۆیە ئەگەر بۆ ئەوان بەوشێوەیە جێی بایەخ بێت، بۆ ئێمە دەیان جار پێویستە، چونكە كۆمەڵگەی خۆمان لە بنەڕەتدا بارگاویە بە كۆمەڵێك كێشە، ئەگەر مامەڵەیەكی زۆر تەندروست لەگەڵ ئەو پرۆسەیە بە كۆی قۆناغەكانیەوە نەكرێت، ئیتر دەبێت ئەسپاردەی خواو قەدەری زەمانەبن، ئەو بەرچاو رونیەم ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی بۆ هەموو لایەك بێت، بە تایبەتی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، یەكێتی حزبێكی سۆشیال دیموكراتە، یەك لە خەسڵەتە هەرە گرنگەكانی ئەو فەلسەفە سیاسیە، بیناكردنی كۆمەڵگەیە بە شێوەیەكی تەندروست، رونیشە بیناكردنی ئەو جۆرە كۆمەڵگەیە تەنها بە پەرەوەردە و فێركردنێكی تەندروست و باش دەبێت.

ناكرێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تەنانەت لە سەردەمی خەباتی شاخدا، بەو توانا سنوردارەی بەردەستی بایەخێكی تەواو بە پەروەردە و مامۆستایان بدات، دەیان و سەدان ناوەندی خوێندنی لە ناوچە رزگار كراوەكان بكاتەوە، سەركردەی مەزن و كۆچكردووشمان، جەنابی مام سەرباری زۆری ئەركەكانی چاوێكی تایبەتی لەسەر ئەو لایەنە گرنگە و هەمیشە لە خەمی مامۆستایاندا بێت، هەتا دوای راپەڕینیش لە چەندین بۆنەی گشتی و تایبەتدا مامۆستایان ببینێت و خەم لە ئالنگاریەكانیان بخوات، هەر ئەوە وایكردبوو، مامۆستایان ، جەنابی مام بە باوك و براو مامی گەورەی خۆیان بزانن، كەچی لەم سەردەمە پڕ لە جەنجالیە بە پێی پێویست نەبێت، بەڕاستی زەمەنێكە ئەو جۆرە بایەخ و لالێكردنەوە نەبینراوە،من بۆخۆشم بەردەوام چاودێری بۆچون و هەنگاوەكانم كردووە، زۆر كەمم بینیەوە سەركردەكان باسی پەروەردە و مامۆستایان بكەن، بگرە زۆر باكیشیان بەوە نەبووە مامۆستایان ببینن و هەڵوێستە لەسەر ئەم هەموو خەوشە بكەن كە تێیدا دەژین، بۆیە زۆر پەرۆشی ئەوە بووم، رۆژێك بێت بەڕێز سەرۆك بافل و هەڤاڵان ئاوڕ لە پەروەردە و مامۆستایان بدەنەوە، چونكە ئەو توێژە ئەگەر بە شێوەیەكی رێژەیش بێت مسۆگەر بكرێن، بە دڵنیاییەوە لە هەموو پرۆسە و هەنگاوەكانیتر سەركەوتن بەدەست دێت، بتانەوێ یان نەتانەوێ مامۆستایان زۆر نیگەرانن لە بارودۆخی پەروەردە و خۆیان هەروەها لە هەموو لایەكیش، من وای دەبینم ئەو دیدارەی بەڕێز سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ، سەرەتایەكی زۆر باشە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی 34 هەزار كەس و خێزان كە بەڕاستی ئەوانە لە نێوان بینەو بەردەیەكی دەرونی زۆر زۆر خراپدا دەژین،بەو دیدارە و بە پاڵپشتی راستەوخۆی كاك بافڵ یەقینم وایە چارەسەرەكان زۆر نزیك دەبنەوە، بۆیە لە دڵمەوە دەڵێم دەست خۆش جەنابی سەرۆك، بەڵام نابێت ئەوەشتان لە بیر بچێت، مامۆستایان چاوەڕوانی زیاترن چونكە مەغدوریەتەكان ئەوەندە هەن پێویستیان بە دیدار و پشتیوانی زۆر زیاترە، وەك ئەو هەموو پاشەكەوتەی لە موچەكان كراوە كە تا ئێستا بە دڵنیاییەوە تا ئایندەش كاریگەری لەسەر ژیان و دەرون و داهێنیان هەر دەبێت.

پلە بەرزكردنەوە، ئەوەش خەمێكی ترە و بە دەستیەوە دەناڵێنن، هیچ مانگ نیە بەو هۆیەوە 60000 تا 100000 هەزار دیناریان بە شاراوەیی لێ گل نەدرێتەوە، واتە لێبڕینێكی داپۆشراو.

شكۆ و هەیبەتی مامۆستا بەردەوام دەڕوشێنرێت، رۆژانە پێشێلكاری گەورە بەرامبەریان دەكرێت، هەندێك جار لایەنە بەرپرسەكان خۆیان دەبنە هاندەر بۆ ئەو جۆرە هەڵسو كەوتە نا شایستانە.

ئەمانە و چەندین كێشەیتر لە جەوهەر و هەناوی پرۆسەكەدا هەن ، بەڕاستی ئەوانە دەبێت وەزیفەی ئێوە ی بەرێز و سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بێت و خۆتان بە خاوەنی بكەن، كەی ئەوانە چاك بوون ئەو دەم چاوەڕوانی پەرەوەردەیەكی باش بكەن،ئەوەتا خۆتان دەفەرمون: ئەگەر بمانەوێت كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتو بین و نەوەیەكی سود بەخش پێشكەشی كۆمەڵگە بكەین، پێویستە گۆڕانكاریەكی ریشەیی لە سیستەمی پەروەردە بكەین و رۆڵی مامۆستایان رێز لێگیراو بێت، لای ئێمە پەروەردە زۆر لە نەوت و گاز گرنگترە

رۆمانۆسکی: ئەمریكا پاڵپشتی حكومەتی هەرێم دەكات بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە
پێشت رۆمانۆسکی: ئەمریكا پاڵپشتی حكومەتی هەرێم دەكات بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە
عیراق بۆ قۆناغی داهاتووی جامی ئاسیا سەركەوت
دواتر عیراق بۆ قۆناغی داهاتووی جامی ئاسیا سەركەوت
ەیوەندیدار