وەزیری دارایی هەرێم: لەگەڵ بەغدا ئەوپەڕی نەرمیمان نواندوە



وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، لەچوارچێوەی بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ئەوپەڕی نەرمیمان نواندوە و لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتوینەتە رێککەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردولاوە تەواو بووە، ئومێدەوارین بەزوترین کات بگاتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی لە دیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، کە پێکهاتبون لە زەهرا بێل کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر بە وەکالەت و دێڤد کودێل بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابوری، جوشوا لویس کارمەندی سیاسی و ڤەهێل ئامێدی پسپۆڕی ئابوری و وزە لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.

لە دیدارێکدا وەزیری دارایی و ئابوری تیشکی خستەسەر دواین دەرئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداو ڕایگەیاند، “لەچوارچێوەی بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ئەوپەڕی نەرمیمان نواندوە و لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتوینەتە ڕێکەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردوو لاوە تەواو بووە، بەئاگاداری و چاودێری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئومێدەوارین بەزوترین کات بگاتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی”.

لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابوری باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازی کرد لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم و وتی، “ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆکردنەوەیان لە ژێر چەتری وەزارەتدا قۆناغی باشی بڕیوە و ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە هەموو کارئاسانیەکمان بۆ ئەو پرۆسەیە کردوەو بەردەوامیش دەبین”.

لای خۆشیەوە زەهرا بێل کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بە وەکالەت ستایسی ڕۆڵی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرەوپێشچونی هەنگاوەکانیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە سەر بودجەو دۆسیەی نەوت و غاز، هاوکات دەستخۆشی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کرد بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان”.

تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر کەمی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەو ڕوەشەوە وەزیری دارایی ئەو هەنگاوانەی بۆ شاندی میوان ڕونکردەوە کە بەمەبەستی ڕێکخستنەوەو زیادکردنی داهاتی پارێزگاکە گرتویانەتە بەر.

Flat6Labs دەستپێشخەریی ‘StartMashreq’ ڕادەگەیەنێت
پێشت Flat6Labs دەستپێشخەریی ‘StartMashreq’ ڕادەگەیەنێت
سبەینێ‌ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەگاتە بەغدا
دواتر سبەینێ‌ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەگاتە بەغدا
پەیوەندیدار