دەروازەی كێلێ دادەخرێت؟



بەغدا كار بۆ داخستنی دەروازە نافەرمییەكان لەگەڵ ئێران دەكات

بەپێی زانیارییەكان حكومەتی عێراق، بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەكانی لەگەڵ ئێران داوە، كە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، چونكە چەند دەروازەیەكی نافەرمی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا هەن.

یەكی ئەم مانگە لە بەغدا شاندێكی دەروازە سنوورییەكانی ئێران لەگەڵ شاندێكی دەروازە سنوورییەكانی عێراقدا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، یەكێك لەو بابەتانەی گفتوگۆی لەسەركراوە، داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەكانی نێوان عێراق و ئێرانە، كە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

هاوكات پاش كۆبوونەوەكە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق نوسراوی فەڕمیان ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كردووە، تا ڕێنمایی بۆ ئەو بڕیارە دەربكرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكان چەند ڕۆژی ڕابردوو حكومەتی عێراق لە ڕێگای هێزی پاسەوانی سنوورەوە هەوڵی داخستنی دەروازەی سنووری نافەرمی كێلێی داوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ڕێگای هێزەكانی هەرێمی كوردستانەوە ڕێگریان لە داخستنی دەروازەكە كردووە.

دەروازەی سنووری نافەرمی كێلێ لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە هەردوو ناوچەی پشدەر و سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا هەڵكەوتووە و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و لەم دوایەشدا هاتووچۆی گەشتیاری لێوەدەكرێت.

دەروازە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان:
– دەروازەكانی پەروێزخان لە گەرمیان.
– باشماخ لە پێنجوێن.
حاجی ئۆمەران لە چۆمان.
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە زاخۆ لە دهۆك.

دەروازە نافەرمییەكانی هەرێمی كوردستان:
ژمارەیەك دەروازەی دیكە هەن لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك دەروازەیەكی فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بەڵام لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە بە فەرمی نەناسێنراون.
– سەیرانبەند لە پێنجوێن.
-سازان لە هەڵەبجە.
-پشتە لە دەربەندیخان.
– كێلێ لە پشدەر.
-كێلەشین-شنۆ لە برادۆست هەوڵی كردنەوەی دەدرێت.
-سێمێلکا لە دهۆك لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان.
کار بۆ کردنەوەی چەند دەروازەیەکی دیکەش دەکرێت.

هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕەتیدەكاتەوە ئەو بڕیارە دەروازەی كێلێ و دەروازە بە فەرمی ناسێنراوەكان لە هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.

هیوا قەرەنی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەروازەی كێلێ لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەكان كارەكانی دەكات، چەندین جاریش لیژنە لە بەغداوە سەردانی دەروازەكەیان كردووە، دەشڵێت “هیچ پێشێلكارییەك لە دەروازەكەدا نییە، دانەخراوە و داشناخرێت”.

چەند ساڵێكە كار بۆ بە فەرمی كردنی دەروازەكە دەكرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق ئەو دەروازەیەی بە فەرمی نەناساندووە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕینیش هۆكارەكەی بۆ دۆخە سیاسییەكەی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەگەر ڕێككەوتن لەسەر داهات و دەروازەكان بكرێت، ئەوا كێلێ دەبێتە مەرزێكی فەرمی لەبەر ئەوەی هەموو مەرجەكانی تێدایە.

لە هەندێك سەرچاوەی ڕۆژنامەوانیەوە بوونی قاچاخچێتی لە دەروازەکە بڵاوكراوەتەوە، هیوا قەرەنی ئەو دەنگۆیە ڕەتدەكاتەوە، دەڵێت “هیچ جۆرە قاچاخجێتییەك لە دەروازەكەدا نییە، ئەوە قسەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێت كێشە بۆ ئیدارەكە دروستبكەن، ئامادەین بۆ هەر لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ بابەتی قاچاخچێتی و هەر كارێكی نایاسایی لە دەروازەكە هەموو بەرپرسیارێتییەكیش هەڵدەگرین”.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی بەغداكرد و لەگەڵ كاربەدەستانی عێراقدا كۆبووەوە، پاش کۆبوونەوەکانیش وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسانی دیكەی باڵای ئێران دووپاتیانكردەوە، كە نابێت هەرێمی كوردستان و عێراق ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و پێشتریش دووپاتیانكردووەتەوە كە نابێت پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان و گرووپە نەیارەكانی دیكەی ئێران لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئاودیوی ئێران ببن.

سلێمانی بە شێوازێكی نوێ‌ پێشوازی لە نەورۆز دەكات
پێشت سلێمانی بە شێوازێكی نوێ‌ پێشوازی لە نەورۆز دەكات
بازرگانی بە هاوكارییەكانی بوومەلەرزەلێدراوانەوە دەكرێت
دواتر بازرگانی بە هاوكارییەكانی بوومەلەرزەلێدراوانەوە دەكرێت
ەیوەندیدار