“تا مانگی داهاتوو نرخی کاڵاکان و پێداویستییەکان هەرزان دەبێت”


نا جێگیری بەهای دۆلار بازاڕی ناسەقامگیر کردووە، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت لە ماوەی مانگێکدا نرخەکان تەنانەت لە پێش ناجێگری بەهای دۆلار هەرزانتر دەبێت.

هەرچەندە لە بانکی ناوەندییەوە بەهای دینار بەرزکراوەتەوە، بەڵام هێشتا لە بازاڕەکاندا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نزمە، ئەمەش بازاڕی ناجێگیر کردووە، کاڵا و خواردەمەنییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان گرانبووە.

سیروان محەمەد، وتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەم زووانە بەهای دینار بەرزدەبێتەوە و نرخی کاڵاکانیش هەرزان دەبێت.

 

خەڵك: کەی نرخی کاڵا و خواردنەکان دادەبەزنەوە؟

سیروان محەمەد: هەموو بازرگانێک کاڵاکانی بە دۆلار دەهێنێت، ئەوان بە دۆلار لەگەڵ تاک فرۆشەکان مامەڵە دەکەن، نرخی ئەو ڕۆژەی دۆلار چەند بێت بەو بڕە دەیفرۆشن، ئەمە کێشەکەیە، هەندێک لە کۆفرۆشەکان خۆیان ئەو زیادەیە لە ئەستۆ دەگرن، هەندێکیشی دەیخاتە سەر ئەرکی تاکفرۆشەکە، ئەمە شتێکی کاتییە، لە چەند هەفتەی داهاتووە نرخەکان دەچنەوە شوێنی خۆیان، چونکە کە حەواڵە بە ١٣٢ هەزار دیناربێت، بە دڵنیایەوە نرخەکە لە جاران زیاتر دێتە خوارەوە.

 

خەڵك: بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە چ ڕێکارێکتان گرتووەتەبەر؟

سیروان محەمەد: ناجێگیری بەهای دۆلار کاریگەری خستوەسەر سەر نرخی کاڵاکان بەتایبەت خواردن، ئەمەش بژێوی ژیانی خەڵكە، ئەم هەنگاوانەی کە حکومەتی عێراقی خستوویەتییە بواری جێبەجێکردنەوە، حەواڵە بۆ بازرگانەکان بۆ دەرەوەی وڵات کۆمەڵێک مەرجی هەیە، لەوانەیە بەشێک لە بازرگانەکانی ئێمە ئەو مەرجانەیان نەبێت، بۆیە ئێمە بەردەوامین لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا، بتوانین نزیکترین خاڵ بدۆزینەوە بازرگانەکان بتوانن حەواڵە بکەن، بۆیە بازرگانی ئێمە لە هەوڵدان تا مەرجەکان جێبەجێبکەن، ئەو کاتە نرخی هەموو کاڵاکان لە نرخی جاران هەرزانتر دەبێت، چونکە گۆڕینەوەی ١٠٠دۆلار بە ١٣٢ هەزار دەبێت، لە  دوو هەفتەی داهاتوودا وردە وردە ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە دەهێنرێت نرخەکانیان دادەبەزێت.

 

خەڵك: بازرگانەکان دەتوانن لە هەرێمی کوردستانەوە حەواڵەکانیان ئەنجام بدەن؟

سیروان محەمەد: ئێمە لەگەڵ سەرۆکی وەزیرانی عێراق بەردەوامین لە هەوڵەکان، تا بانکەکانی ئێمە ئەو مافەیان هەبێت کە بتوانێت دۆلار حەواڵە بکات، کە بانکی ئارتی لە سلێمانی ئێستا ئەو ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ دەتوانێت حەواڵە بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام بدات، دەتوانن بازرگانەکان سەردانی ئەو بانکانە بکەن، مەرجەکان جێبەجێبکەن تا حەواڵەکانیان بۆ ئەنجامبدرێت.

 

 خەڵك: مەرجەکانی بانکی ناوەندی بۆ بازرگانەکان چین؟

سیروان محەمەد: ئێستا بازرگانەکان دەتوانن حەواڵەکانیان لە ڕێگای ئەو بانکەوە ئەنجامبدەن، بە مەرجێک ڕێنمایی و مەرجەکانی بانکی ناوەندی هەبێت، دەبێت شوێنەکان باوەڕپێکراوبێت ئەو شوێنە دیاربێت کە پارەکەی بۆ حەواڵە دەکرێت، ئەو بانکەی کە پارەکەی بۆ حەواڵە دەکرێت باوەڕ پێکراوبێت، دواتر مامەڵەکان دەنێردرێت بۆ بانکی ناوەندی لەوێشەوە بۆ خەزێنەی ئەمریکا لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژدا ڕەزامەندی دەدرێت، دەتوانن پارەکە بۆ کۆمپانیاکە حەواڵەبکەن.

 

خەڵك: لە کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق داواکاری چیتان هەبوو؟

سیروان محەمەد: لە یەکتر بینینەکەماندا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نوسراوێکمان پێدا، چەند داواکارییەکمان ئاڕاستەکرد، سێ داواکاریمان جێبەجێکراوە، یەکێکیان داواکاری نەوتە بێبەرامبەرەکە، حەواڵە لە بانکەکانی هەرێمەوە کە ئێستا جێبەجێکراوە، کردنەوەی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە فرۆکەخانەکان، ئەوەش جێبەجێکراوە، داوای پێشینەمان کردووە بۆ نیشتەجێبوون، پیشەسازی، کشتوکاڵی و هاوسەرگیری، هیوادارین ئەو خاڵانەش جێبەجێبکرێت و بەردەوام بۆ ئەو داواکاریانەش لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لە پەیوەندیداین.

سەرۆكی هەرێم: لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پرسی هەڵبژاردن كۆدەبینەوە
پێشت سەرۆكی هەرێم: لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پرسی هەڵبژاردن كۆدەبینەوە
هەرێم و ئەڵمانیا ڕەوشی ئێزدییەكانیان تاووتوێكرد
دواتر هەرێم و ئەڵمانیا ڕەوشی ئێزدییەكانیان تاووتوێكرد
پەیوەندیدار