کۆریای باشوور، بە دراماو گۆرانی پۆپ شۆرشێکی کلتوری بەرپا کردووە



خەڵک

دوای ئەوەی مۆسیقای پۆپی کۆریای باشوور ناوبانگێکی نێودەوڵەتی گەورەی بەدەستهێنا، لە ئێستادا سیئۆل بەنیازە بە خێرایی بنەما کلتوری و هونەرییەکانی دەوڵەتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا گەشەپیبدات، لەپێناو بەرەوپێشبردنی زمان و کلتورەکەی، بەڵام چۆن؟ وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدایە.

 

گروپی (BTS) لەم دواییانەدا بە گۆرانییە بەناوبانگەکەیان “Dynamite” لە کە پلەی یەکەمی چارتی بیلبۆرد هۆت لە ریزبەندی 100 گۆرانیدا بوو، هەر ئەم گۆرانیە ئێستا لە یوتیوب 1.6 ملیار بینەری تێپەڕاندووە.

 

گروپێکی تری کۆریای باشوور بەناوی (Blackpink) مانگی ڕابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، بەو پێیەی گۆرانیەکەیان بە ناوی “دۆدۆ دو” 300 ملیۆن بینەری تێپەڕاند.

 

هەروەها زنجیرە فیلمی پاراسایت لە سەرەتای ئەمساڵدا جیهانی سەرسام کرد کاتێک بووە یەکەم فیلمی بیانی کە خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلم بەدەستهێنا.

 

ئێستا حکومەتی کۆریای باشوور هەوڵدەدات سوود لە جەماوەرییەتی “شەپۆلی بەرهەمە کۆرییەکان” وەربگرێت بۆ بەرەوپێشبردنی زمان و کولتووری وڵاتەکەی.

 

دەسەڵاتداران پێیان وایە ئەگەر خەڵکی زیاتر بە زمانی کۆری قسە بکەن، سوودی بۆ بواری بازرگانی و ئابووری و پێگەی نیشتمانی دەبێت.

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش و گەشتوگوزاری کۆریای باشوور لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، نزیکەی 75.2 ملیۆن دۆلار بۆ ناساندنی ئەلفوبێی کۆری، لە سەرانسەری جیهان خەرج دەکات.

 

ئەم بڕە پارەیە بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی زمانەکەیەتی تا زۆرترین کەس ئاشنابن پێی و هەنگاو بێت بۆ فێربوون، وەزارەتی ڕۆشنبیری کۆریای باشوور هیوادارە فێربوونی زمانەکەیان ببێتە هۆی زیادبوونی ئارەزووی خەڵک بۆ مێژووی کۆریا، لە ڕووەکانی هونەر، مۆسیقا، خواردن و لایەنە کلتورییەکانی دیکە.

 

تۆڕی پەیمانگاکان کە بە(کینگ سێجۆنگ) ناسراوە و  هاوشان دادەنرێت لەگەڵ پەیمانگای “گۆتێ”ی ئەڵمانی – لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە سەرانسەری جیهاندا بەربڵاوە، بەزۆری ئەرکی هاوبەشکردنی زمانی کۆری هەیە لەگەڵ خەڵکدا بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆکان لە شارە گەورەکانی جیهاندا و213  لقی ئەم پەیمانگایە ئێستا لە 76 وڵاتدا بوونیان هەیە.

 

سۆنگ یۆنگ-چای، مامۆستا لە سەنتەری داهێنان و هاوکاری جیهانی لە زانکۆی سانگ میونگ لە سیئۆل، ڕایگەیاندووە، “زۆرجار مرۆڤەکان لە ڕێگەی میوزیک، دراماو تیڤی یان فیلمەکانمانەوە فێری زمانی کۆری دەبن، بۆیە هەوڵی زۆرمان، بۆ دەستەبەری تەواوەتی ئەم بەرژەوەندییە لەپێناو بڵاوکردنەوەی زمانەکەمان بەکار دەهێنین.”

 

مۆسیقای پۆپی کۆری ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە و لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و پەرەسەندنی سۆشیال میدیاش یارمەتیدەرێکی باشی ئەم بڵاوبوونەوەیە بووە.

 

جێی باسە پێشکەوتنەکانیش لە ساڵی ٢٠١٢ زیاتر بە دیار کەوت، بەهۆی کاریگەری دراما کۆرییەکان و بەدواشیدا بە ماوەیەک گۆرانی “گانگنام ستایل” توانی سەرکەوتنێکی گەورە لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستبهێنێت و بچێتە هەموو ماڵێک لەم جیهانەدا.

وەزیری پەروەردە بۆ دەوامی سبەینێ‌ بڕیارێكی دەركرد
پێشت وەزیری پەروەردە بۆ دەوامی سبەینێ‌ بڕیارێكی دەركرد
مالكی: پەیوەندی مێژوویم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەیە
دواتر مالكی: پەیوەندی مێژوویم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەیە