مەسعوود كوردپوور لە زیندان ئازادكرا



 

مەسعوود كوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی موكریان كە پێشتر دەستبەسەركرابوو و سزای ١٧ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو؛ لە بەندیخانەی بۆكان ئازاد كرا. ناوبراو جەختی كردەوە كە هیچ كاتێك داوای لێخۆشبوونی نەكردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەسعوود كوردپوور، ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موكریان لە بەندیخانەی بۆكان ئازاد بوو.

ئەم ڕۆژنامەنووسە لە دوای ئازادی لە بەندیخانە ڕایگەیاندووە، داوای لێخۆشبوونی چ بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یاخود لە ڕێگای پارێزەرەكەیەوە پێشكەش نەكردووە.

لەم دواییانەدا مەسعوود كوردپوور لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆكان، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندەكردن لە دژی حكومەت” سزای ٩ مانگ بەندكران و بە تۆمەتی “تێكدانی سیستمی گشتی” سزای ٨ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی یاسای كۆكردنەوەی سزاكان، زۆرترین ماوەی سزای كوردپوور، دەبوو ٩ مانگ بەند بكرێت.

مەسعوود كوردپوور لە میانەی خۆپیشاندانەكانی ژینا ئەمینیدا لە ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەركرا‌و دوای دەستبەسەركرانی یەكەمجار بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و دواتر بۆ بەندیخانەی بۆكان گواستراوە.

مەسعوود كوردپوور یەكێك لە ڕۆژنامەنووسە خاوەن ئەزموونەكانی كوردستانە و، چەند جارێكی دیكە لە ڕابردوودا لەلایەن ناوەندەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەر و بەندكراوە.

مافیایەک دۆلاری عێراق کۆنتڕۆڵ دەکات
پێشت مافیایەک دۆلاری عێراق کۆنتڕۆڵ دەکات
چوار وڵات ڕووبەڕووی مەترسی كارەساتێكی سرووشتی دەبنەوە
دواتر چوار وڵات ڕووبەڕووی مەترسی كارەساتێكی سرووشتی دەبنەوە
ەیوەندیدار