فەڕەنسا داوای لە هاووڵاتییانی كرد بەپەلە بێلاڕووس جێبهێڵن



پەرەسەندنەكان لە جەنگی ئۆكراین درێژەی هەیە، ئەمریكا و فەڕەنسا داوا لە هاووڵاتیانیان دەكەن بە زوویی ڕووسیا و بێلاڕووس چۆڵبكەن، لەسەر ئاستی مەیدانیش هێزە ڕووسییەكان كەمێك پێشڕەوییان هەیە.

جەنگ لە ئۆكراین بەردەوامە، هێزەكانی گرووپەكانی ڤاگنەر لە هەندێك ناوچەی هەرێمی دۆنباس لە خۆرهەڵاتی ئۆكراین پێشڕەوی دەكەن.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، هێزەكانی گرووپەكانی ڤاگنەری ڕووسی پێشكەوتنی كەمیان لە ناوچەكانی پێكدادان لە هەرێمی دۆنباس لە خۆرهەڵاتی ئۆكراین بەدەستهێناوە، ئێستا شەڕ و پێكدادان لەدەوروبەری شاری باخمووتە.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاویكردەوە، هێزەكانی ڤاگنەر بەشێوەیەكی نیچمەدڵنیایی دەستكەوتیان لە نزیك باكووری شاری باخمووت هەبووە.

وەزارەتەكە، ئاشكرایكرد لە پێكدادانەكانی هەرێمی لۆهانسك بەردەوام سووپای ڕووسیا هێرشدەكات، بەڵام نەتیوانیوە سەركەوتن بەدەستبهێنێت.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت هێزەكانیان شاری كراسنایا گورایان دەستبەسەردا گرتووە، ئەوەش دوای 48 كاتژمێر لە ڕاگەیاندنی دەستبەسەرداگرتنی ئەو شارە دێت لەلایەن هێزەكانی ڤاگنەرەوە، كاتێك تۆمارێكی ڤیدیۆییان لەنێو شارەكەوە بڵاوكردەوە.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، داوای لە هاووڵاتییەكانی كرد هەرچی زووە بێلاڕووس جێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت “بەهۆی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆكراین و داخستنی كایەی ئاسمانیی نێوان وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و بێلاڕووس، داوا لە هاووڵاتییانی فەڕەنسا دەكەین گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەكەن”.

هەروەها باسی لەوەكردووە، سنووری نێوان لیتوانیا و لاتڤیا كراوە دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كردووە، بۆ ئەوانەی گەشت دەكەن بۆ پۆڵەندا لە ١٣ی شوباتەوە تەنیا دەروازەی تیریسپۆل كراوە دەبێت و داوا لە هاووڵاتییانی فەڕەنسا لە بێلاڕووس كراوە لەڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی لیتوانیا، پۆڵەندا یان لاتڤیاوە وڵاتەكە جێبهێڵن.

ئەوە لە حاڵێكدایە دوێنێش ئەمریكا ئامۆژگاری هاوڵاتیانی كرد بەزوویی ڕووسیا بەجێبهێڵن، چونكە بەهۆی شەڕی ئۆكراینەوە ئەگەری هەیە لەلایەن دەزگە یاساییەكانی ڕووسیاوە ڕووبەڕووی دەستگیركردنی هەڕەمەكی یان هەراسانكردن ببنەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە مۆسكۆ دەڵێت: پێویستە ئەو هاووڵاتییە ئەمریكاییانەی لە ڕووسیا نیشتەجێن یان گەشت دەكەن بۆ ڕووسیا، بەخێرایی بڕۆن.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، باڵیۆزخانەكە داواشی لە ئەمریكاییەكان كردووە، “گەشت بۆ ڕووسیا نەكەن”.

ئەمریكا زۆرجار ئامۆژگاری هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات كە ڕووسیا بەجێبهێڵن،
دوایین هۆشداری گشتی مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بوو، دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا فەرمانی كۆكردنەوەی هێزەكانی رووسیای دەركرد.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، “دەزگە ئەمنییەكانی ڕووسیا هاووڵاتییانی ئەمریكاییان بە تۆمەتی ساختە و دروستكراو كردووەتە ئامانج و دەستگیریانكردوون، لە هەمان كاتدا مامەڵەی دادپەروەرانە و شەفافیان لەگەڵدا نەكراوە، هەروەها لە دادگاییكردنی نهێنی یان بەبێ ئەوەی بەڵگەی باوەڕپێكراویش هەبێت، سزای یاساییان داون”.

نێچیرڤان بارزانی باكووری كوردستانی بەسەركردەوە
پێشت نێچیرڤان بارزانی باكووری كوردستانی بەسەركردەوە
ئاماری هەناردەكردنی نەوت بڵاوكرایەوە
دواتر ئاماری هەناردەكردنی نەوت بڵاوكرایەوە
ەیوەندیدار