توركیا چەكی ئاوی لەدەست دا



ئەو بەنداوانەی توركیا بۆ گرتنەوەی ئاو لەسەر عێراق و سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان دروستیكردن ئێستا بوونەتە مەترسی گەورە

توركیا كە ساڵانێكە پشكەئاوی عێراق و سووریای كەمكردووەتەوە و زۆرێك لە ناوچەكانی عێراق، سووریا و ڕۆژئاوای كوردستانی بێ ئاو كردبوو، ئێستا بەهۆی مەترسی كاریگەریی بوومەلەرزەكانی دووشەممەی ڕابردوو ناچاربووە بەشێك لە ئاوی ئەو بەنداوانە بەربداتەوە، شارەزایانیش هۆشداری دەدەن لە مەترسیداری ئەو بەنداوانە لە داهاتوودا.

ئەمڕۆ هەینی چوار بوومەلەرزەی پلە چوار بەپێی پێوەری ڕێختەر لە نزیك بەنداوی وان لە باكووری كوردستان ڕوویانداوە و مەترسی هەیە بوومەلەرزە و پاشلەرزەكان زیانیان لە بەنداوەكان دابێت.

دكتۆر سەردار باڵەكی پسپۆڕی چینەكانی زەوی و مامۆستا لە زانكۆی سۆران، دەڵێت “دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی توركیای هەژاند، بەنداوەكانی ئەو وڵاتە لەسەر ڕووباری فوڕات جێگەی مەترسین لە دواڕۆژدا و متمانەی پێش بوومەلەرزەكەیان لەدەست دەدەن”.

ڕوونیشیكردەوە، توركیا گەورەترین سێ بەنداوی لەسەر ڕووباری فورات بنیاتناوە بە ناوەكانی كاراكایە و كیبان و ئەتاتورك كە ملیارەھا مەتر سێجا ئاویان گلداوەتەوە، ئەو بەنداوانە كەوتونەتە سەر ھێڵی بوومەلەرزەی چالاك، ھەموو كات چاوەڕوانی ھەر ئەگەرێكن و هەڕەشەو مەترسین بۆ سەر هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا.

بە بڕوای ئەو پسپۆڕەی چینەكانی زەوی، دوای ئەو بوومەلەرزە بەھێزانە، توركیا دەبێت دەست بە كەمكردنەوەی ئاوی ئەو بەنداوانە تا ئاستی نیوە بكات، بۆ ئامادە بوون بۆ ھەر ئەگەرێكی لە ناكاو و ھەروەھا دڵنیابوون لە قەباری ئەو زەرەرەی بە بەنداوەكە كەوتووە.

دەشڵێت “ھەردوو بەنداوی ئەتاتورك و كیبان كاریگەری ڕاستەوخۆی ئەو بوومەلەرزەیان لەسەر دەرناكەوێت بە ھۆی ئەوەی لە خۆڵ دروستكراون، نەك كۆنكرێت تا بە چاو ببینرێت، ئەوەش بە ھۆی مژینی شەپۆلە بوومەلەرزەییەكان لە لایەن خۆڵەكەوە، بەڵام ناكرێت دووربن لە زەرەرپێكەوتنیان، ھەرگیز جارێكی دیكە ئەو بەنداوانەی كەوتوونەتە سەر ڕووباری فوڕات متمانەی جارانیان نامێنێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ قەبارەی ئەو زەرەرەی پێیان كەوتووە. بەتایبەت ئەگەر كاریگەریەكە لەسەر ناوكی بەنداوەكان بێت، ئەوەش ئەستەمە ببینرێت و كاری چاككردنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت”.

جەختیشیكردەوە، پاش ئەم كارەساتە دەبێت توركیا ھەموو ئەو بەنداوانەی كەوتوونەتە سەر ڕووباری فوڕات لە لیستی مەترسیداردا دابنێت و كاری جددی بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی لاشەی بەنداوەكانی ئەنجامبدا.

ئاشكراشیكرد “بەنداوی ئەتاتورك قەبارەی ئەو ئاوەی گلی داوەتەوە یەكسانە بە هێندە و نیوی ئاوی ھەموو بەنداوەكانی عێراق”.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی زانیارییەكان ڕووباری خاپوور لە ڕۆژئاوای كوردستان ئاستی ئاوەكەی بەرزبووەتەوە، بەهۆی كرانەوەی بەشێكی ئاوی بەنداوەكانی توركیا.

بەپێی زانیارییەكان دەسەڵاتدارانی توركیا ئاوی بەشێك لە بەنداوەكانیان بەرداوەتەوە، بەهۆی مەترسی كاریگەربوونیان بە بوومەلەرزە و پاشلەرزەكان یان ئەگەری بوونی بوومەلەرزەی بەهێزی دیكە كە ببنە هۆی شكانی بەنداوەكان و كارەساتەكە گەورەتر بكەن.

پارێزگاری مەلاتێ لە باكووری كوردستان ڕایگەیاند بەنداوی سوڵتان سویویان كردووەتەوە وەك ڕێوشوێنێكی پێشوەخت، تا بەشێك لە ئاوەكەی بڕوات.

عومەر شەرقاوی مامۆستای بوومەلەرزە لە پەیمانگای نەتەوەیی بۆ توێژینەوەی گەردوونناسی و جیۆفیزیایی لە قاهیرە دەڵێت: بوومەلەرزەكانی ئەو دواییە زیانیان بە بەنداوەكانی توركیا گەیاندووە، چونكە بوومەلەرزەكان بەهێزبوون.

سەرچاوەكان دەڵێن مەترسی بەنداوەكانی توركیا و باكووری كوردستان بەجۆرێكە لە ئەگەری شكانیاندا مەترسی گەورە بۆ خودی باكووری كوردستان و توركیا، ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا و عێراقیش درووستدەكەن.

بەهۆی كاریگەریی بوومەلەرزەكەوە دوێنێ بەنداوێك لە ڕۆژئاوای پارێزگەی ئیدلب لەباكووری سووریا هەرەسیهێنا، ئاو چووە ناو گوندێكەوە و دانیشتووانەكەی چۆڵیانكرد.

محەمەد محەمەد، دانیشتووی ناوچەكە، ڕایگەیاند “بەنداوێكی گڵین داڕما ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری ئەلعاسی” ئەمەش دوای كردنەوەی بەنداوی ڕستن لە باكووری حومس و بەنداوی ئەلقرقور لە دەشتی ئەلغاب دێت لە ڕۆژئاوای حەمات”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئاوی ڕووبارەكە بەشێوەیەكی بەرفراوان ڕۆیشتووەتە ناو ماڵەكانی گوندەكانەوە، ئەوەش بووە هۆی داڕمانی چەند خانوویەك.

دانیشتوانی گوندەكە ترسیان لەوە هەیە ئاستی ئاوی ڕووباری ئۆرۆنتس زیاتر بەرزبێتەوە و بۆ چەند ڕۆژێك بەردەوام بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی داڕمانی گردۆڵكە خاكییەكانی دیكەی ناوچەكە و ناوچەكە ڕووبەڕووی كارەسات دەبێتەوە.

بەنداوەكانی عێراق بەتایبەت بەنداوی موسڵ گوومان دەكرێت مەترسی لەسەر بێت دوای بوومەلەرزەكان، چونكە بەنداوی موسڵ خۆی چاكسازی تێدا دەكرێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن تا ئێستا بەنداوی موسڵ هیچ مەترسی لەسەر نییە.

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە عێراق خالید شیمال لەلێدوانێكدا دەڵێت، تیمە هونەرییەكانی عێراق لەگەڵ سووریا و توركیا بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ دڵنیابوون لە ڕەوشی پارێزراوی بەنداوەكان بەتایبەت ئەوانەی نزیكی بومەلەرزەكەبوون، بەڵام دڵنیاییمان پێدراوە كە زیانێكی ئەوتۆ نییە.

دەشڵێت: بەنداوەكانی عێراقیش پارێزراون هیچ گرفتێك لە ئارادا نییە بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە، بەنداوی موسڵ و بەنداوەكانی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام پشكنینیان بۆ دەكرێـت و چاكسازیشیان بۆ دەكرێت.

شارەزای كشتوكاڵ دكتۆر خەتاب زامن دەڵێت بوومەلەرزە تووندەكان مەترسیداری ئەو بەنداوانەیان دەرخست كە توركیا لەسەر ڕووبارەكانی دیجلە و فوڕات دروستیكردوون.

ماوەی ساڵانێك توركیا بەشەئاوی عێراق و سووریای لەڕووبارەكانی دیجلە و فوڕات كەمكردبووەوە، بۆیە چەندین كۆبوونەوە لەنێوان سێ وڵاتەكەدا سازكران، بەڕای شرۆڤەكارانی سیاسی، توركیا ئاوی وەك چەكێك دژی عێراق و سووریا بەكارهێناوە.

 

 

بانكی جیهانیی پشتیوانیی دارايى پێشكەشی توركیا دەكات
پێشت بانكی جیهانیی پشتیوانیی دارايى پێشكەشی توركیا دەكات
گەنجێك دوای 100 كاتژمێر ڕزگاركرا
دواتر گەنجێك دوای 100 كاتژمێر ڕزگاركرا
ەیوەندیدار