“بەپەلە فەرمانم کردووە ۆرک شۆپ بکرێت لەسەر سەلامەتی بیناکانی هەرێم لە بوومەلەرزە”



وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکاری دەکات بۆ پێداچوونەوە و بەرزکردنەوەی کۆدی سەلامەتی بومەلەرزە لە پرۆژەکاندا، و بەپەلە فەرمانم کردووە ۆرک شۆپ بکرێت لەسەر سەلامەتی بیناکانی هەرێم لە بوومەلەرزە.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە:”هەرکات کارەساتێک ڕووبدات پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بەخۆداچووونەوە بکەن و ڕێنماییەکان نوێ بکەنەوە. بۆ ئەوەش لەم چوارچێوەیە فەرمانم کردووە کە هەفتەی داهاتوو ۆرک شۆپێک ئامادە دەکەین وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ ئەوەی زانیارییەکان ئەپدەیت بکەینەوە و کۆدی سەلامەتی زیاتر بەرزبکەینەوە بۆئەوەی لەمەودوا پرۆژەکان لەسەروو پلەی 7 ی ڕێختەرەوە بن هەتا باڵەخانەکانمان پارێزراوبن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان ڕەچاو بکرێت.”

دەشڵێت، “وەکو بۆچوونی کەسی خۆم زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانەی کە کراون و دیزاینەکەیان لەسەر بنەمای پلەی 6.5 -7 پلەی ڕێختەر بووە. ئەگەر لەکاتی جێبەجێکردندا ئەمە بە باشی پەیڕەو کرابێت من مەترسیەکی وەها نابینم لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی کە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانە بەرزەکاندا نیشتەجێ بوون.”

دانا عەبدولکەریم دەشڵێت: بە شێوەیەکی گشتی بیناکان لەعێراقدا مواسەفاتیان بەرزه و‌ پشتیان بەستووە بە مواسەفاتی بەریتانی و ئەمەریکی. هەتا ڕادەیەک بیناکان لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدان بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو کارەساتێکی وا نەبووە ئەگەر بوومەلەرزەش بوو بێت زیانی گەورەی لێنەکەوتۆتەوە. هیوادارین هەرگیز تووشی ئەوە نەبین و ئەوە ڕوو نەدات.

دانا عەبدولکەریم وتیشی:”بەدڵنیاییەوە هەر لەبەرئەوەشە بەپەلە فەرمانم کردووە ئەو ۆرک شۆپە ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی بەپێی تازەترین زانیارییەکان ئەگەر خوانەخواستە کارەساتێک ڕوویدا چۆن بتوانین خۆمان بپارێزین و پێکهاتەی پرۆژەکانمان لە ئاستێکدابن کە بەرگەی ئەو زەمین لەرزە قورسانە بگرن.”

دەربارەی پلەی سەلامەتی بومەلەرزە لە پردەکان و تونێلەکانی هەرێم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم ڕاشیگەیاند کە لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان هیچ بوومەلەرزەیەک کە بەرزتر بێت لە 6.5 پلەی ڕێختەر هەتا ئەم ساتە تۆمارنەکراوه،‌ هەموو ئەو پرۆژانەی کە کراون لەڕووی سەلامەتیەوە هەتا پلەی 6.5 – 7 پلەی ڕێختەر ڕەچاوکراوە لە دیزاینکردنیاندا

ئومێد خۆشناو: كەمپینی هەولێرمان بۆ هاوكاری بوومەلەرزە لێدراوان ڕاگەیاند
پێشت ئومێد خۆشناو: كەمپینی هەولێرمان بۆ هاوكاری بوومەلەرزە لێدراوان ڕاگەیاند
هاتووچۆی هەولێر شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە
دواتر هاتووچۆی هەولێر شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە
پەیوەندیدار