وەزیری دارایی: بەهۆی دۆلارەوە كاڵا و پێداویستییەكان نزیكەی 20% گران بوون



وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلارەوە نرخی بەشێک لە کاڵا و پێداویستیەکان لە ١٥٪ تا ٢٠٪ بەرزبۆتەوە و دەشڵێت: “بەم زووانە لقێکی بانکی ناوەندی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٢/٦ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق.

وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، پێویستمان بەهاوکاری و پشتیوانی حکومەتی کەنەدایە بەتایبەت لە بواری بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و باج و خانەنشینی.

ڕوونیشیکردەوە، کردنەوەی لقێکی بانکی ناوەندی عێراق بە ناوی “بانکی نیشتیمان” لە قۆناغی کۆتایدایە و دوای دەستبەکاربونی ئەو بانکە سەرپەرشتی سیاسەتی دارایی و ستراتیژی کاری بانکەکان دەکات.

لای خۆشیەوە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق سوپاسی وەزیری دارایی کرد بۆ ئەو پێشوازی و دەرفەتە تا لەنزیکەوە گفتوگۆ لەسەر کێشە و گرفتەکانی هەرێم و بەغداد بکەن، هاوکات سوپاسی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ بەشداری لە شەڕی داعش و پێکەوەژیانی کەمینەکان، گەشبینی خۆشی نیشاندا، کەحکومەتی هەرێم و بەغداد لە سەر بودجە و یاسای نەوت و غاز بگەنە ڕێکەوتن، ئامادەیی حکومەتی کەنەداشی نیشاندا بۆ هەر هاوکاری و پشتیوانیەک لەو ڕووەوە.

وتیشی، “بەدوا ئەو ڕێگایانەدا دەگەڕێین تا هاوکاریەکانیان بۆ حکومەتی هەرێم زیاد بکەین”.

وەزیری دارایی وتیشی، “بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار کاریگەری خراپی لەسەر بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان هەبووە بە ڕێژەی لە ١٥٪ تا لە ٢٠٪”.

دەربارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش وەزیری دارایی ڕونیکردەوە، کە بڕیارەکانی ئەو دادگایە زیاتر سیاسین نەک یاسایی، بەڵام گەشبینن لە گەڵ ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لەسەر چەند دۆسیەیەکی گرنگ بگەنە ڕێکەوتن لە هەردوولاشەوە ئامادەیی تەواو هەیە بۆ کاری پێکەوەیی.

ڕۆیتەرز: بەرهەمی نەوتی عیراق كەمیكردووە
پێشت ڕۆیتەرز: بەرهەمی نەوتی عیراق كەمیكردووە
سێ‌ ناوچەی كوردستانی مەترسی ڕوودانی بومەلەرزەیان لێدەكرێت
دواتر سێ‌ ناوچەی كوردستانی مەترسی ڕوودانی بومەلەرزەیان لێدەكرێت
پەیوەندیدار