پەروێز موشەڕەف، کۆچی دوایی کرد



دوای ماوەیەکی زۆر گیرۆدە بوون بە دەست نەخۆشییەکی درێژخایەن سەرۆکی پێشووی پاکستان پەروێز مشەڕەف، کە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ژیانی سیاسی پاکستان بوو کۆچی دوایی کرد.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیا ناوخۆییەکانی پاکستان بڵاویانکردەوە، کە پەروێز موشەڕەف، سەرۆکی پێشووی پاکستان دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن لە نەخۆشخانەیەکی دوبەی  لە ئیماراتی عەرەبی گیانی لەدەستداوە.

هاوکات، وتەبێژی باڵیۆزخانەی پاکستان لە ئیمارات کۆچی دوایی پەروێز موشەڕەف سەرۆکی پێشووی پاکستانی پشتڕاستکردەوە.

 

لای خۆیەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوپا لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند، سەرکردە باڵاکانی سەربازی “سەرەخۆشی قووڵی خۆیان بۆ کۆچی دوایی ژەنەڕاڵ پەروێز مشەڕەف دەردەبڕن خودای گەورە سەبووری و دڵنەوایی بە بنەماڵەکەی بدات “.

موشەڕەف یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ژیانی سیاسی پاکستان و دوای ڕووخانی دەسەڵاتی نەواز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە کودەتایەک لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1999 هاتە سەر دەسەڵات، پێش ئەوەی لە حوزەیرانی 2001 خۆی بە سەرۆک کۆمار ڕابگەیەنێت، لە مانگی نیسانی 2002 لە ڕیفراندۆمێکی مشتومڕاویدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا .

موشەرەف، دوای هێرشەکانی 11ی ئەیلولی 2001 لە چوارچێوەی شەڕی تیرۆریزدا بووە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا و لە سێ هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە کە لە ماوەی نۆ ساڵی دەسەڵاتی قاعیدەدا لەدژی ڕێکخرابوو.

 

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ هەوڵیدا سەرۆکی دادگای باڵا لە کارەکەی دووربخاتەوە، حوکمەتەکەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی بووەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی وڵات لێکەوتەوە کە بووە هۆی سەپاندنی باری نائاسایی.

 

لە کۆتاییدا مشەڕەف لە مانگی ئابی ٢٠٠٨ دەستی لەکارکێشایەوە دوای ئەوەی ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی لێپێچینەوە لەلایەن هاوپەیمانی نوێی دەسەڵاتدارەوە بوو، و وڵاتەکەی بەجێهێشت.

 

لە ساڵی ٢٠١٣دا، ناوبراو گەڕایەوە پاکستان لە هەوڵێکدا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان، بەڵام دوای کەڵەکەبوونی دۆسیەی یاسایی بەرامبەری ڕێگری لێکرا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات.

 

پاش هەڵگرتنی سزای قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات، لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ چارەسەری پزیشکی چووە دوبەی ئیماراتی عەرەبی و لەو کاتەوە لەوێ ژیان ژیاوە.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ دادگایەک لە پاکستان سزای لەسێدارەدانی بەسەر مشەڕەفدا سەپاند، دوای ئەوەی لەسەر بنەمای هەڵپەساردنی دەستووری ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە تۆمەتی خیانەت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، ئەمەش یەکەمجار بوو کە فەرمانڕەوای سەربازی پێشووی پاکستان بە تاوانی خیانەت سزا بدرێت، بەڵام دادگای باڵای شاری لاهور لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە بڕیارەکە دژی موشەڕەف “نایاساییە”.

 

کەمتر لە مانگێک، دەسەڵاتی دادوەری پاکستان سزای لەسێدارەدانی موشەڕەفی هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند،  ئەو دادگا تایبەتەی تۆمەتبارەکەی بە تاوانی خیانەت سزاداوە، نادەستوورییە.

دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات
پێشت دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات
كریمیا جەنگی ئەتۆمی هەڵدەگیرسێنێت؟
دواتر كریمیا جەنگی ئەتۆمی هەڵدەگیرسێنێت؟
ەیوەندیدار