لە هێرشەكانی توركیادا ڕۆژنامەنووسێك شەهید بوو



خەڵك-

لە هێرشەكانی بەیانی ئەمڕۆ یەك شەممەی سووپای توركیادا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، پەیامنێری ئاژانسی هاوارنیوز عیسام عەبدوڵڵا لە ناوچەی دێرك شەهیدبوو.

ئاژانسی هاوارنیوز بڵاویكردەوە “پەیامنێری ئاژانسەكەمان عیسام عەبدوڵڵا لە كاتی ڕووماڵی هێرش و بۆردوومانەكانی توركیادا شەهید بوو”.

ڕاشیگەیاند “ژمارەیەكی دیكەی هاووڵاتیش لە ئەو هێرشەدا برینداربوون، پەیامنێری ئاژانسەكەمان یەكێك بوو لە بریندارەكان، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا”.

هێرشی ئاسمانی سووپای توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە.

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گردی مشتەنووریان لەناو شاری كۆبانێ بۆردوومانكرد.

سووپای توركیا لە هێرشەكانی ئەمڕۆیدا سووپای سووریاشی كردە ئامانج.

ڕووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، شەش شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون و شەش سەربازی سووپای سووریاش لە هێرشەكانی ئەمڕۆی توركیادا كوژراون.

فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە نیوەشەوەوە كۆبانێ، شەهبا، دێریك و گرێسپی بۆردومان دەكەن.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیمۆكرات ڕایگەیاند “ئەمشەو لە كاتژمێر ١٢دا لە شەهباوە تا دێرك توركیا هێرشی ئاسمانی كردە سەر ڕۆژئاوای كوردستان، هێرشەكە تا ئێستا بەردەوامە و واش دیارە ماوەیەكی دیكەش درێژەی دەبێت، بەڵام لە زەمینەوە جموجوڵی سەربازی سوپای توركیا نەبینراوە”.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هۆشداری جەنگێكی درێژخایەن دەدات
پێشت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هۆشداری جەنگێكی درێژخایەن دەدات
دواتر پێنجوێن داوای نەوتی دیكە دەكات