داواكاری هەدەپە بۆ دواخستنی دۆسێی داخستنەكەی ڕەتكرایەوە


 

دادگای دەستووریی توركیا داواكاری هەدەپەی بۆ “دواخستنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردن” رەتكردەوە.

هەفتەی رابردوو هەدەپە داوای لە دادگای دەستووریی كرد، تەواوی پرۆسەی دادوەریی بە بەرگریی زارەكییشەوە پەیوەندیدار بە دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دوا بخات.

هەدەپە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، بە رەچاوكردنی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی وەك بەڵگەنامەی سەلمێنەری نوێ كە لەلایەن سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە پێشكەش كراون، ماوەی ٣٠ رۆژ بەش ناكات بۆ ئەوەی پارتەكە بەتەواوی خۆی ئامادە بكات بۆ بەرگریكردن لە خۆی، بۆیە داوای درێژكردنەوەی ماوەكەی كردووە بەشێوەیەك لە دوو مانگ كەمتر نەبێت.

دوای تەواوبوونی راپۆرتی ئەوانەی ئەركدار كراون بە ئامادەكردنی راپۆرت لە بارەی داواكارییەكەی هەدەپە، ئەنجوومەنی گشتیی دادگای دەستووریی كۆبووەوە.

دادگای دەستووریی بە تێكڕای دەنگ داواكارییەكەی هەدەپەی رەتكردەوە بۆ دواخستنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردن.

داواكاریی پارتەكە سەبارەت بە پێدانی دوو مانگی دیكە بۆ ئامادەكاریكردنی داكۆكیكردن لەخۆی دژبە بڕیاری بلۆككردنی هاوكارییەكانی حكوومەت بۆ ئەو پارتە، رەتكرایەوە و بڕیار درا ١٥ رۆژی دیكە بدرێتە پارتەكە. ئەوەش زانراوە، هەدەپە بەپێی بڕیاری دەستەی گشتیی دادگای دەستووریی لە ١٤ی ئاداردا لە داداگا داكۆكیی لە خۆی دەكات.

لە قۆناغی یاسایی دۆسیەی داخستنی هەدەپەدا و لەسەر داواكاری دادگای باڵا، دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە و سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆماریی لە پێنجی كانوونی دووەمدا بڕیاری دا ئەو هەژمارانەی هەدەپە كە تایبەتن بەو هاوكارییانەی حكوومەت پێشكەشی هەدەپەیان دەكات، بلۆك بكرێن و ماوەی یەك مانگیش درا بە پارتەكە تا لەم بارەیەوە داكۆكی لەخۆی بكات.

دوای وەڵامی هەدەپە، دووبارە دەستەی گشتیی دادگای دەستووریی، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیاری بلۆككردنی هاوكارییەكانی حكوومەت بۆ ئەو پارتە دەكاتەوە. لە دوای وەڵامی دەستەكەش بڕیار لەسەر جێبەجێكردن یاخود هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بلۆككردنی هەژمارەكان دەدرێت.

دوای بەرگریی زارەكی بەرپرسانی هەدەپە و بەرگریی پارتەكە سەبارەت بە بلۆككردنی هاوكارییەكانی گەنجینە، زانیاری و بەڵگەكان كۆدەكرێنەوە و راپۆرتی سەرەكیی ئامادە دەكرێت.

لە دوای دابەشكردنی راپۆرتەكە بەسەر ئەندامانی دادگای باڵادا، سەرۆكی دادگا زوھتو ئارسلان رۆژێك بۆ كۆبوونەوە دیاریی دەكات. ئەندامانی دادگا لەو رۆژەی دیاریكراوە كۆدەبنەوە و پرسی داخستنی پارتەكە تاوتوێ دەكەن.

 

مەسرور بارزانی: دادگای فیدڕاڵی كێشە بۆ ڕێككەوتن دروستدەكات
پێشت مەسرور بارزانی: دادگای فیدڕاڵی كێشە بۆ ڕێككەوتن دروستدەكات
لە سێ هەفتەدا هەشت كورد لەسێدارە دراون
دواتر لە سێ هەفتەدا هەشت كورد لەسێدارە دراون
پەیوەندیدار