“دایكی بۆ شت كڕین ناردیە ماركێت، بەڵام دەستدرێژی سێكسی كرایە سەر”



پزیشكێكی پسپۆڕی دادوەری وردەكاری تاوانێك ئاشكرا دەكات، كە كراوەتە سەر كچێكی بچووك لەلایەن دوكاندارێكەوە لە شاری هەولێر و دەڵێت: “لە نەخۆشخانەی ڕاوێژكاری ئێواران دایكێك هاواری بۆ ئەوە دەكرد، كە ماڵی وێران بووە و فریای بكەون”.

د. دیلمان ئازاد، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی پزیشكی دادوەری لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەگەڵ دایك و كچە بچووكە دانیشتووە و ئەوەیان بۆ گێڕاوەتەوە، كە لە ڕێگای ماركێت ئۆتۆمبێلێك وەستاوە و پیاوێكی بەتەمەن بە منداڵەكەی وتووە خێرا وەرە دایكت ئیشی پێتە، منداڵەكەش سەركەوتووە، بەڵام بردوویەتی بۆ خانوویەكی هەیكەل و دەستدرێژی لێ‌ كردووە و هەڕەشەی لێ‌ كردووە لای كەس باسی نەكات.

ئەو پزیشكە دەڵێت: “دایك و باوك چۆن منداڵەكانتان فێر ناكەن، كە نابێت لەگەڵ كەسانی بێگانە بچنە ناو ئوتومبێل؟ چۆن فێریان ناكەن كە هیچ شتێك لە كەسی بێگانە وەرنەگرن لە دەرەوە؟ چۆن فێریان ناكەن كە بەتەنیا نابێت بچێتە كۆڵان و ماركێت، كە تەمەنی وا بچووكە و ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بكات؟ ئەوانە پەروەردەی سەرەتایین و ئەركە خێزان فێری منداڵەكانیان بكەن”.

دەقی نووسینەكە:
بە پەشۆكاوییەكی زۆرەوە هاتە ڕاویژكاری ئێواران لە سەرو سیمایەوە دیار بوو كە بەتەواوی شۆك بووە، دەزانێت ئەو كارەساتەی بەسەر كچەكەیەوە هاتووە لە داهاتوو دەبێت باجێكی قورس بدات… ئەو دایكێك بوو، كچێكی بچووكی لەگەڵدا بوو، بەر لە سڵاو كردن… هاواری بۆ ئەوە دەكرد ماڵی وێران بووەو فریای بكەوم… هەر چۆنێك بوو كەمێك ئارامم كردەوەو پێم وت چی ڕوویداوە؟ وتی دكتۆر پشكنینێكم پێویستە، بەڵام تكایە پێم مەڵێ بڕۆ بۆ پزیشكی دادوەری… چونكە بابەتەكانت دەخوێنمەوەو بەردەوام لەو جۆرە ڕوداوانەدا ڕێنمایی خەڵك دەكەیت بچنە لای پزیشكی دادوەری… بەڵام من نامەوێت كێشەی گەورەتر بۆ خۆم و كچەكەشم دروست بكەم!.
كە سەیری كچەكەیم دەكرد، تەمەنی زۆر منداڵ بوو، نامەوێت لێرە تەمەنەكەی یا وەسفێكی بنوسم ببێتە هۆی ناسرانەوەی ئەو كچە، بەڵام هەرچیم كرد ئەو منداڵە هێشتا تێنەدەگەیشت چی ڕوویداوە و چی بووە؟
بەڵام ئەمجارەیان ڕووم لە دایكی كرد، پێم وت چی ڕویداوە؟ ئەویش وتی ”وەك هەموو جارێك كچەكەمم ناردە دوكانێك كە زۆر دوور نەبوو لە ماڵەوەمان، كە هەندێك كەل و پەلم پێویست بوو كە بۆمی بكڕێت… بەڵام ئەمجارەیان زۆر دواكەوت و هەر نەهاتەوە”.
دایكەكە بەدڵێكی پڕەوە بەردەوامبوو لە گێڕانەوەی قسەكانی و وتی: دوای دواكەوتنێكی زۆر كچەكەم هاتەوە بە گریان و وتی دایە پیاوێكی بە تەمەن، ئۆتۆمبێلەكەی ڕاگرت و پێی وتم دایكت ئیشی پێتە وەرە با بتبەمەوە ماڵەوە، منیش كە وتی دایكت ئیشی پێتە خێرا لەگەڵیدا سەركەوتم. بەڵام لە ڕێگە باڵەخانەیەكی تەواو نەكراو هەیە كە شوێنەكەی چۆڵە… لەو باڵەخانەیە منی هێنایە خوارەوەو منی ڕوتكردەوەو پەنجەی خستە جەستەم و خوێنم لێهات. كچەكەم وتی دوای ئەوە منی بردەوە ناو ئۆتۆمبێلەكەی و پێوتم بە دایكت بڵێ بزانە چی دەكەم و چیتان بەسەر دێنم… سەرەڕای ئەو كارە قێزەونە هەڕەشەش دەكات…
دوای قسەكانی دایكەكە، لەگەڵ منداڵەكە كەوتمە گفتوگۆ و پێم گوت: كچی ئاقڵ، لەو كاتەی ئەو پیاوە ئەم كارەی بەرامبەرتكرد تۆ هیچ هاوارت نەكرد؟
ئەویش گوتی: نەخێر، نەمتوانی چونكە دەستی لەسەر زارم دانابوو.
ئەو منداڵە، باسی ئەوەی كرد، كە ئەو لەبەر ئەوەی، ئەو پیاوە پێی گوتووە دایكت كاری پێتە بۆیە متمانەی بەو پیاوە كردووەو هەروها پیاوەكەش تەمەنێكی هەبووەو چاوەڕێی نەكردووە. كارێكی بەرامبەر بكات كە زیانی پێ بگەیەنێت…
لە دوایدا بە دایكەكەم گوت ”هیچ گومانی تێدانیە ئەو منداڵە تا زووە دەبێت ببردرێتە پزیشكی دادوەری و ڕاپۆرتی بۆ بكرێت و پۆلیس ئاگادار بكرێتەوە. دوای ئەوەش دەبێت پزیشكی دەروونی ئەو منداڵە ببینێت”.من نازانم لەبەر چی خەلك ترسی هەیە لە كۆمەڵگای ئێمە كە ناوی پۆلیس و پزیشكی دادوەری دێت كەچی ئەوە تاوانە دەبێت تاوانبار بە سزا بگات ئەوەش هۆكاری دەگەڕینمەوە بۆ وشەی عەیبە كە باسكردنی بابەتی دەست دریژی سێكسی بەعەیبە لە قەلەم دەدریت و مندالی زولم لیكراو بەچاویكی تر سەیر دەكرێت.
دەمەوێ لە دیوێكی تر سەیری ئەو ڕووداوە بكەین، دایك و باوك چۆن منداڵەكانتان فێر ناكەن، كە نابێت لەگەڵ كەسانی بێگانە بچنە ناو ئوتومبێلی كەسانی نەناسراو؟ چۆن فێریان ناكەن كە هیچ شتێك لە كەسی بێگانە وەرنەگرن لە دەرەوە؟
چۆن فێریان ناكەن كە بەتەنیا نابێت بچێتە كۆڵان و ماركێت، كە تەمەنی وا بچوكە و ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بكات؟
ئەوانە پەروەردەی سەرەتایین و ئەركە خێزان فێری منداڵەكانیان بكەن.
بە پێی ئەزموونی خۆم كە بەردەوام مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕاوانە دەكەم، ژمارەیەك كاریگەری نەرێنی بەهۆی دەستدرێژی سێكسی لەسەر ئەو كەسانە دەردەكەوێت، كە بریتین لە:
١-ترس لە هەموو شتێك لە دەوروبەری.
٢-ئازاردانی خۆی، بەتایبەت بیری خۆكوشتنیان دەبێت.
٣-توشی دڵەڕاوكی و كێشە دروست بوون دەبێت لە خواردن، هەست بەشەرم و بە تاوان دەكات.
٤-دواكەوتنی گەشەی دەماغ بە بەراورد لەگەڵ تەمەنی خۆی.
٥-توشی جۆرەها نەخۆشی گوازراوە دەبێت، ئەگەر هەرزەكار بێت لەوانەیە توشی دووگیانی بێت.
٦-زۆربەی توێژینەوەكان دەریدەخەن ئەوەی توشی دەست دریژی سیكسی دەبێت لەكۆتای ئازاری منداڵی تر دەدات.
٧-باوەڕبەكەس ناكات، لە ژیانیدا كێشەی كۆمەڵایەتی بۆ دروست دەبێت.
٨-توشی خەمۆكی دەبن یان جۆرە كێشەیەكی دەروونی پیی دەڵێن post traumatic stress disorder.
زۆر كێشەی تریش بۆ ئەو منداڵانە دروست دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە منداڵەكانمان فێری خۆپارێزی بكەین و ئەگەر روویدا پێویستە چارەسەری دەروونی وەرگرن و خێزانەكان نابێت بێدەنگ بن لە مافی منداڵەكانیان.

نرخی نەوت بەرزبۆوە
پێشت نرخی نەوت بەرزبۆوە
پاسپۆرتی دیپلۆماسی دەدرێتە یاریزانانی هەڵبژاردەی عیراق
دواتر پاسپۆرتی دیپلۆماسی دەدرێتە یاریزانانی هەڵبژاردەی عیراق
ەیوەندیدار