لە بری هەڕەشە، بڕیارەکانی دادگای فیدرالی جێبەجێ بکەن



عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا

لە دوای هاتنە پێشی ڕەوشێکی نائاسایی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، بە چەند هۆکارێک کە بەشێکی دیارە، بەڵام تا هەنوکە هەندێکی شاراوەیە، بە دیاریکراوی لە کۆتاییەکانی ٢٠١٣ و سەرەتای ٢٠١٤ کە دواجار بڕینی بودجەی لێکەوتەوە، واتە بڕینی مووچە و قوتی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئیتر هەرێم پێی نایە هەلومەرجێکی تازە بابەت و دژوارەوە کە نەدەبوو بهێڵرێت بگاتە ئەو ئاستە نەخوازراوە و زوو هەوڵی چارەسەریان بدابا، نەوەکو تیرتر کردنی بارودۆخەکە بە هاتنی پێشی خەڵکی ئەولا و ئەملا.

بە بڕوای خۆم سەرەتا، بە ئاسانی لێک تێگەیشتن دروست دەبوو و دۆخەکە دەگەڕایەوە باری ئاسایی پێشوی، مخابن لە بری ئەوە دەست بۆ بابەتێکی زۆر هەستیار بردرا، زۆربەی شارەزایان و شرۆڤەکاران وەک یاریکردن بە ئاگریان لێکدایەوە، بە کرداریش هەروادەرچوو، ئەویش پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی بوو، لە ژێر ناوی ئابووری سەربەخۆ، ئەم هەنگاوە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە ، بە جۆرێک لە هەڕەشە حسابکرا.

سەرەنجام هەرێم کەوتە دۆخێکی دارایی زۆر نەخوازراو،کە وردەکاری زۆری تێدایە من ناچمە ناو ڕیزکردنی هەمووی، بە داخەوە دەستە چەورەکە بەسەر سەری مامۆستایان و فەرمانبەران سڕایەوە، ئەوانەی ئەو سەودایەیان کرد هیچ زەرەر و زیانیان نەدا، بگرە قازانجیشیان کرد، ئەوەش نهێنی زۆری هەیە با بۆ کاتی خۆی بێت، بەو حاڵەشەوە عیبرەتیان وەرنەگرت لەوەی سەرکێشی هیچی لێ شین نابێت، بەڵکو درێژەدانە بە نەهامەتی و دەردەسەریەکان دوای ئەوە نۆرەی ڕیفراندۆم هات، گوایە بەوە تۆڵە دەکەنەوە و نەهامەتیەکانیش کۆتایی پێ دێنن، ئیتر جاڕی پڕۆسەکەیاندا.

ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هاتنە سەرخەت و وتیان کاتی نییە و مەیکەن، کەچی هەر سوربوون لەسەر کردن و کردیان، دیسان گەلە خێر لە خۆنەدیوەکەمان کەوتە بەر هەڵمەتێک، لە جۆری کێشانی زۆر قورس( من نوع عیار ثقیل)، بە جۆرێک خەریکبوو لە بری قازانج سەرمایەکەشی لەسەر دابنرێت، مەبەستم لەوە پڕۆسە بەدناوەکەی شازدەی ئۆکتۆبەرە کە نیوەی خاکی هەرێمی کوردستان پێیەوە لە دەست درا، بۆ داپۆشینی ئەو زەرەرە گەورەیە کەوتنە هۆنینەوەی بەیت و بالۆرەی خیانەت و کۆمەڵێک بابەتیتر، کە زۆر دوور بوون لە ئەسڵی هۆکارەکەی.

بە هەر حاڵ باشبوو زوو فریای ئەوە کەوتن و داوای ئەوەیان کرد،حکومەتی ناوەند دەرگاکانی گفتوگۆ دانەخەن، ماڵی هاوپەیمانانیش ئاوابێت بە هانامانەوە هاتن ئەگەر نا بارودۆخەکە زیاتر تێکدەچوو، هێلی ٣٦یان پێ نیشان دەدرا، بەوەشەوە بە ئاگا نەهاتنەوە هەر درێژەیان بەو نەهجە نادروستەیاندا، ئەمجارە گرفتەکە لە ڕادەستکردنی نەوتەوە هاتە پێش کە بە پێی یاسای بودجە دەبوو چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت بدرێت بە کۆمپانیای سۆمۆ، بەوە لە لایەک گرفتی موچە کۆتایی پێدەهات، لە لایەکیتر زمینەیەکی باش دەخوڵقا، بۆ چارەسەر کردنی کۆی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت.

بە بیانوی جۆراجۆر و دەست تێوەردانی خەڵکانیتر، ئەوە جێبەجێ نەکرا کە بەڕاستی لە بەرژەوەندی گشتی بوو، بۆ ئەوە کەوتنە هێنانەوەی چەند پاساوێک لەوانە، گوایە ئەوە زەرەر بە سەروەری هەرێم دەگەیێنێت، بۆیە نەچونە ژێرباری ئەو بڕیارەوە، پاشانیش بووە خراپرتر لە پاشتر، ئیتر نەوتەکە بە بڕیاری مەحکەمەی پاریس بە تەواوی ڕاگیرا و هەرێم دەستی لە کونی هەمبانەکە هاتەدەر، بە داخەوە بەشێکی بەرچاو لە کێشەکانی ئەم هەرێمەی ئێمە، وتاری بەرپرسەکانە کە کۆمەڵانی خەڵکی بە تەواوی هەراسان و بێ ئومێد کردیە، زۆرترین قسەکانیان بۆ خۆڵ کردنە چاوی ئەم میللەتەیە، بەردەوام دەیانەوێت بە هێنانەوەی پێچ و پەنا خۆیان لە بەرپرسیاریەتی بشێرنەوە.

بە نمونە، پێش چەند ڕۆژێک بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی بە بڕواوە دەیوت، کاتێک بە خۆمان نەوتەکەمان دەفرۆشت کێشەی مووچە نەبوو، ئێستا کە ڕێگریکراوە بفرۆشرێت، مووچە وای بەسەرهاتووە، لەڕاستیدا ئەوەیان جێگەی هەڵوێستە و قاقای پێکەنین بوو، ئاخر برای بەرپرس خۆتان نەوتەکەتان دەفرۆشت، بۆیە ٤٤ مووچە بە پاشەکەوت و لێبڕینەوە درا هەروەها ١٥ موچەش هەرنەدرا، من دادڕسێم(اتحدی) لەوەی دارایی ئاگای لە هەموو پارەی نەوت بووبێت بە ئێستاشەوە، بریا هەر نەتانفرۆشتبا چونکە بۆ میللەت بووە نقمەت، بۆ بەرپرسەکان و کوڕ و نەوەکانیشیان بووە نیعمەت.

مخابن سەرباری ئەو هەموو تاقیکردنەوە تاڵانەی تێپەڕێنرا کە دەبوو دەرس و پەندی لێوەربگیرابا و چیتر ئەم گەلە تاڵاوی بە زاریدا نەکرابا، کەچی لەسەر ئەو ئاڕاستە لێڵ و ناڕوونە هەر بەردەوامن، هەر ڕۆژە و ئەڵقەیەکی تازەمان لە چیرۆکی هەزار و یەک شەوە بۆ دەگێڕنەوە، وای لێهاتوە بە تەواوی بێزار بین، چونکە سوور دەزانین ئەوە بۆ غافڵاندنە و هیچیتر، ئەوەتا ئەمجارە هاتوونە سەر مووچەی مانگی دوازدە و مووچەکانی ساڵی ٢٠٢٥.

مشتومڕێکی سارد و سڕی بێتام لە نێوان هەردوو حکومەت هەیە، ناوەند دەڵێت ساڵی ٢٠٢٤م ناردووە هەرێمیش دەڵێت هەمووی نەناردراوە، لەو نێوەندەدا خەم و نەهامەتیەکەش بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی بێوەی هەرێمە، سەیرەکەش لەوەدایە لە بری دۆزینەوەی ڕێگەچارە، حکومەتی هەرێم کەوتۆتە هەڕەشەکردن، لەوەی ئەگەر مووچە نەنێرن ئەوە بڕیارێک دەدەن کە زەرەر و زیانی لێدەکەوێتەوە، دیارە مەبەستیان حکومەتی ناوەندە، من هەقم بەسەر عێراقەوە نییە چۆن لەو هەڕەشەیە دەڕوانن، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە لە هەر ئەگەرێ کە بیهێننە پێشەوە، خۆیان زەرەر ناکەن خەمم ئەم گەلە بەشمەینەتەی خۆمانە کە هەر جارێ بڕیارکیان وەکو کاردانەوە دابێت زیانی گەورەی لێکەوتۆتەوە زۆر بە زەحمەت هەندێکی لێ قەرەبووکراوەتەوە.

بۆیە بە ڕاشکاوانە پێتان دەڵێم، چیتر کاتی ئەوە نییە بڕیاری خێراو نادروست بدەن و سەودای بێ بەرهەم بەو میللەتەوە بکەن، بە پێچەوانە پەنا بردن بۆ دەستور و بڕیارەکانی دادگاری فیدرالی باشترین ڕێگەچارەیە بە تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان، دڵنیام ئەوە پەیامی هەموو عاقڵمەندان و دڵسۆزانی ناوەوە و دەرەوەیشە، کە پێگرین لەسەر ئەوەی دەبێت لە بری هەڕەشە بڕیارەکانی دادگای فیدرالی جێبەجێ بکەن، بەو پابەندیە کێشەکان بەرەو کەناری ئارام دەڕون، دواجاریش لە بەرژەوەندی گشتی دەگیرسێنەوە.

سلێمانی؛ وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دروست دەکرێت
پێت سلێمانی؛ وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دروست دەکرێت
نێردەی ئەڵمانیا: دەکرێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کوردانی سووریا بپارێزرێن
دوات نێردەی ئەڵمانیا: دەکرێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کوردانی سووریا بپارێزرێن
پەیوەنیدر