پسپۆڕێكی زانستی خۆراك ڕایدەگەیەنێت ، بیبەر كاریگەری هەیە بۆ بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری لەش و ڕێگریكردن لە كەمخوێنی و كەمی ماددەی ئاسن بێجگە لەبوونی بڕێكی زۆر لە ماددەی ئاسن، دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی كە یارمەتی باشتر و زیاتر هەڵمژینی ماددەی ئاسن دەدات.
د.كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی ، پسپۆڕی زانستی خۆراك بڵاویكردەوە، بیبەری سەوزی شیرین بۆ بەهێزكردنی تەندروستی چاو و ڕێگەگرتن لەنەخۆشیەكانی چاو وەك ئاوی سپی و كێشەكانی تۆڕی چاو، پاراستن و گەشەكردنی كۆرپەلە لە ناو سكی دایك دا، چونكە دەوڵەمەندە بە فۆلیك ئەسید.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، خواردنی بیبەری سەوزی شیرین بژاردەیەكی باشە بۆ دابەزینی كێش لە كاتی ڕێجیم دا، چونكە بڕێكی كەم كالۆری تێدایە و دەوڵەمەندە بە ئاو و ماددە ڕیشاڵیەكان و ماددە دژە ئۆكسانەكان .
هاوكات دەبێتە هۆی چالاك كردنی كۆئەندامی هەرس و ڕێگری كردن لە كێشەكانی هەرس وەك دڵ تێكەڵ هاتن ، ئاوسانی سك ، غازاتی زۆر ، قەبزی و پاراستنی تەندروستی كۆئەندامی دەمار و مێشك و بەهێز كردنی یادەوەری وتوانای فێر بوون .
لەگەڵ ئەوەشدا كار لەسەر پاراستن و بەهێزكردنی تەندروستی پێست و جوان كردنی ڕوخسار دەكات ، چونكە دەوڵەمەندە بە بیتاكارۆتین و ڤیتامین سی و دژە ئۆكسانەكان و ڕێگری كردن لە وەرینی مووەكانی قژ ، هەروەها خۆپاراستن لە وشك بوونەوەی پێست .