پێشەوا هەورامانی ناوی ئەو وەزیرانەی ئاشکراکرد کە پەیامەکەی حکومەتی هەرێم بە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەگەیەنن.
بەپێی هەواڵێکی میدیای نزیک لە پارتی، پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاندووە، هەریەک لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، خالید شوانی، وەزیری داد، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاسپێردران تا بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بگەیننە بەغدا.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لەلایەن وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان پەنجە خرایە سەر هەموو وردەکارییەکان و گرفتەکان، هەروەها سەرجەم وەزیرەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشە و گرفتەکانیان لە بارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە تاوەکوو ئێستا حکوومەتی فیدراڵ پێیانی نەداوە.
گوتەبێژی حکوومەت ڕاشیگەیاند “سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی، داوایان لە وەزیرەکان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کرد بە یەکەوە پەنجە بخەنە سەر وردەکارییەکان، ئەگەر ڕەخنەیەک یان کەموکوڕییەک هەیە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە پرۆژە و پێشنیازیان لەم بارەوە بخەنە ڕوو.