مەسعود حەیدەر: پلان دانراوە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی ئابووری هەررێمی کوردستان



بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە پلان دانراوە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان و دەست بە جێبەجێکردنیشی کراوە.

مەسعود حەیدەر، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە نووسینێکدا کە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: “پلان دانراوەو جێبەجێ دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی ئابووری ھەرێمی کوردستان”.

مەسعود حەیدەر لەو نووسینەدا کە بە ناونیشانی “مەترسییە ئابوورییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان لە پێنج ساڵی داھاتوو!” بڵاویکردووەتەوە، پێیوایە کە “ڕێگری دەکرێت ھەرێمی کوردستان پەرە بدات بە سێکتەری پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار کە کۆڵەکەی ئابوورین و کوردستان ڕزگار دەکات لە پشت بەستن بە نەوت”.

بە پێویستیشیدەزانێت کە هەرێمی کوردستان سوودمەندبێت لە گشت تواناو کارئاسانییەکانی دەوڵەت بۆ کەرتەکانی  پیشەسازی و کشتوکاڵ و چالاکییە ئابوورییەکانی بانکی ناوەندی کە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و ھەرێمی لێ بێ بەش کراوە.

دەقی نووسینەکەی مەسعود حەیدەر:

مەترسییە ئابورییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان لە پێنج ساڵی داھاتوو!

بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان پێویستە گەلی کوردستان و حزبە کوردستانییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوانی تەواوی حکومەتی کابینەی دەیەمی ھەرێمی کوردستان بن.

پلان دانراوەو جێبەجێ دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی ئابووری ھەرێمی کوردستان.

ڕێگری دەکرێت ھەرێمی کوردستان پەرە بدات بە سێکتەری پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار کە کۆڵەکەی ئابوورین و کوردستان ڕزگار دەکات لە پشت بەستن بە نەوت.

ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و پێویستە ئابووری ھەرێمیش ببێتە بەشێکی گرنگ لە ئابووری  عێراق و ھەرێم سوودمەندبێت لە گشت تواناو کارئاسانییەکانی دەوڵەت بۆ کەرتەکانی  پیشەسازی و کشتوکاڵ و چالاکییە ئابوورییەکانی بانکی ناوەندی کە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و ھەرێمی لێ بێ بەش کراوە. جگە لە پرۆژەکانی ژێرخانی وڵات وەکو رێگەوبان و گواستنەوە کە ھەرێمی کوردستانی لێ بێ بەش کراوە.

پێویستە لە حکومەتی داھاتووی عێراق، ھەرێمی کوردستان تەنھا پاکێجی سیاسی، یاسایی، دەستووری نەبێت، بەڵکو دەبێ پاکێجی گشتگیری ئابووری ھەبێت بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی بەغداد و پەیوەست بکرێت بە کاتەوە.  بەم دۆخەی لە شێوەی ئێستا بووژانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان ئاستەنگی زیاتری رووبەڕوو دەبێتەوەو ھەوڵی چەقبەستنی دەدرێت، کە دەبێتە ھۆی لاوازبوونی کەرتی تایبەت و کەمبوونەوەی ھەلی کار و زیاتر بوونی بێکاری.

گرنگە ئەم مەترسیانە يەچاو بکەین بۆ پێنج ساڵی داھاتوو و بە مەترسی جددی وەریبگرین و دەستەوەستان نەبین و بە چەند ئاڕاستەیەکی ڕوون و تۆکمە کاری لەسەر بکەین و تەنھا بەشدار نەبین لە حوکمڕانی عێراق و شەریک بین بە تایبەت بۆ سێکتەری ئابووری و ئەمنی.  تێڕوانینی تەواومان ھەیە بۆ داڕشتنی وردەکاری سێکتەری ئابووری بۆ قۆناغی داھاتوو.

مەسعود حەيدر

شەشەمین پێشانگەی نێوەوڵەتی کتێب لە سلێمانی دەکرێتەوە
پێت شەشەمین پێشانگەی نێوەوڵەتی کتێب لە سلێمانی دەکرێتەوە
وەرگرتنی پارە بۆ بەڵگەنامەی لەدایكبوون لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان نامێنێت
دوات وەرگرتنی پارە بۆ بەڵگەنامەی لەدایكبوون لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان نامێنێت
پەیوەنیدر