سەرۆك کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی بەغدا وەک پایتەختی گەشتیاريی عەرەبی بۆ ساڵی 2025 دەبێتەمایەی دەرخستنی ناسنامە مەزنەکەی و بەرجەستەکردنی مێژووە درەوشاوەکەی و شارستانێتییەکەی، سەرەڕای بەهێزکردنی پێگەی لەسەر نەخشەی ناوچە گەشتیارییەکان.
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆك کۆمار لە میانی پێشوازیکردنی لە د.بەندەر بن فەهد ئال فەهید، سەرۆکی رێکخراوی گەشتیاریی عەرەبی و شاندی یاوەری لە بەغدا ڕایگەیاند، بەغدا شایستەی ئەوەیە ببێتە پایتەختی گەشتیاری عەرەبی.
ئاماژەی بەوەکرد، کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بۆتەهۆی بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاريی، کە خاوەنی فرەچەشنیی گەشتیارییە. هەروەها پێشوازی کرد لە پێشنیاری دامەزراندنی ئەکادیمیای گەشتیاریی عەرەبی لە بەغدا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی هاوئاهەنگی و هاریکاری بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە گەشتیاری و کەلەپورییەکان و پێشخستنی ئاستی گەشتیاری.
لە بەرامبەردا شاندی میوان ڕوونکردنەوەیەکی چڕوپڕی لەبارەی سروشتی کارەکانی رێکخراوەکە و هەوڵەکانی لە ماوەی ڕابردودا پێشکەش کرد، هەروەها ئەو چالاکی و پرۆژانەی خستەڕوو، کە جێبەجێی کردون بۆ پاڵپشتی لە بەرنامەی پەرەپێدانی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.