یەکێک لە نەخشە کۆنەکان کە دۆزراوەتەوە و زاناکان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتی نوح دیاریدەکات.
لە شیکردنەوەی یەکێک لە کۆنترین نەخشەکانی جیهان، زاناکان نزیکبوونەتەوە لەوەی شوێنی راستەقینەی (کەشتییەکەی نوح) بدۆزنەوە و پێیان وایە لەسەر چیای ئاگری لە باکووری کوردستان لەنگەری گرتووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پێگەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردووەتەوە، ئەو پارچە شوێنەوارییەی زاناکان شیکردنەوەیان بۆی کردووە، مێژووەکەی بۆ 3 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆزراوەتەوە و لە ساڵی 1882ـەوە لە مۆزەخانەی بەریتانی هەڵگیراوە.
د. ئیرڤینگ فینکڵ، شارەزای بواری مۆزەخانەی بەریتانی لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ” ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەو کەشتییەی کە لەڕووی تیۆرییەوە، لەلایەن ڤێرژنە بابلییەکەی نوحەوە دروستکراوە”.
زاناکان پێیان وایە، کە بە ئەگەری زۆرەوە، چیای ئاگری، کە بە چیای ئاراراتیش ناسراوە، شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتییەکە بووە لەدوای تۆفانە گەورەکەدا.
د. فینکڵ راشیگەیاند، ” ئەگەر بە گەشتێک سەردانی ئەو ناوچەیە بکەیت، پاشماوەی ئەو کەشتییە مێژووییە دەبینیت”.
چیای ئاگری، یاخود چیای ئارارات، دەکەوێتە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان و لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجان و ئەرمینیا هاوسنوورە.