بانگەوازێک بۆ دواخستنی سەرژمێری گشتی دەکرێت



هەڵمەتێک بۆ دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق ئەنجام دەدرێت و داوا دەکرێت هاووڵاتیان و هاونیشتیمانیان لەلای خۆیانەوە بانگەوازی بۆ بکەن بەمەبەستی دروستکردنی لۆبییەک بۆ هەڵمەتەکە.

دەقی باناگەوازەکە:

“سەرژمێریی واتە کۆتایی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و هەرێمی کوردستان”

بانگەوازێک بۆ دواخستنی سەرژمێریی

بۆ سەرۆکایەتی هەرێم

بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران، لەڕێگەی سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

بۆ کوردستانیان بەگشتی و حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و پیاوانی ئایینیی و ڕووناکبیر و ئەکادیمییەکان بەتایبەتی

بڕیارە سەرژمێریی گشتیی لە 20-11-2024 لە عێراق ئەنجام بدرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٠٠٣ تا ٢٠١٧ کە کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم باڵا دەست بوو، هێزە عێراقییەکان ڕێگریان دەکرد لە ئەنجامدانی، کەچی دوای پەراوێزخستنی کورد و گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکان ئێستا پێداگری لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی دەکەن.

لەو دۆخەی ئێستا کە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم پێیدا تێپەڕ دەبێت ئەنجامدانی سەرژمێریی واتە قەبوڵکردنی سیاسەتی تەعریبی سەد ساڵەی دەوڵەتی عێراق چونکە بەفەرمی تۆمارکردنی سەدان هەزار عەرەبی هاوردە و ئاوارەی لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە. ئەمەش بە مانای لەدەستدانی یەکجارەکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و بەعەرەببوونی خودی هەرێمی کوردستان-یش دێت. بۆیە، ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی سەرژمێریی لە عێراق ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ئایینیی و مرۆییە.

سەرچاوەی ئەو ترسەی ئێمە لە سەرژمێریی گشتیی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکار و دۆخانە:

یەکەم، کورد هیچ ئامادە نییە بۆ سەرژمێریی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراقی جێبەجێ نەکراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکان.

دووەم، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم وەک پێویست بۆ ئامادەکارییەکانی سەرژمێریی نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.

سێیەم، نەبوونی “حەقلی نەتەوە” لە فۆرمی سەرژمێریی، بە زەقی نیازی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە دەردەخات کە بێ بەش کردنی نەتەوەی کوردە لە ناسنامەی نەتەوەیی.

چوارەم، هەموو ئەوانەی سەدان ساڵە بە هۆکاری تەعریب و شەڕی ناوخۆ و داعش هاتوونەتە کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە شوێنی خۆیان ناونووس و تۆمار دەکرێن، تۆمارێک کە هەتا هەتایە وەک خۆی دەمێنێتەوە و هێز نییە دوای تۆمارکردنیان جارێکی دیکە بیانگێڕێتەوە ئەو ناوچانەی کە لێوەی هاتوون.

پێنجەم، نزیکەی ٦٠٠ هەزار عەرەبی تەعریب ئێستا لە شاری کەرکووک و دەوروبەری نیشتەجێ بوون. هاوکات، زیاتر لە ملیۆنێک عەرەب نیشتەجێی ناو هەرێمی کوردستان-ن. دوای ناونووسکردنیان لە ڕۆژی سەرژمێریی، ئیدی ئەوانە دەبن بە ئەمری واقیع و لە دەنگدانی داهاتوودا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، بەمەش ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پڕ دەبن لە نوێنەری عەرەبەکانی کوردستان.

شەشەم، فۆرمی سەرژمێریی هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کە کەسێک وەک بەشێک لە پڕۆسەی تەعریب هاتبێتە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، بەمەش، ئەوەی وەک تەعریب هاتۆتە کوردستان بەتەواوی دیزەبەدەرخۆنەی پێ دەکرێت.

بۆیە، ئێمە پێمان وایە کە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران بەتایبەتی و کوردستانیان بەگشتیی تەنیا دوو بژاردەیان لە پێشە کە دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرین:

یەکەم، هەموو ئەو لایەنانەی کە ئاماژەمان پێ کردن دەبێت هاوکاری یەکدی بکەن و هەوڵ بدەن کە سەرژمێریی لە عێراق نەکرێت و مەرجی ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم وەک ئەوەی لە دەستووری عێراق هاتووە بسەپێنرێت بۆ هەر سەرژمێرییەک لە عێراق.

دووەم، ئەگەر هەوڵەکان سەریان نەگرت و سەرژمێریی دوانەخرا، ئەوا حکومەتی هەرێم بڕیاری بایکۆتی سەرژمێرییەکە بدات و نە‌هێڵێت حکومەتی عێراق لە هەرێم سەرژمێریی بکات و داوا لە کوردستانییان بکات لە هەر شوێنێک هەن بە هیچ شێوەیەک نە‌هێڵن کارمەندانی سەرژمێریی بێن بۆ ماڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.

سەرژمێریی ئەنجام بدرێت، واتە کۆتایی شتێک کە پێی دەگوترێت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم (کێشە لەسەرەکان) چونکە ئیدی زۆرینەی عەرەب لەو ناوچانە مسۆگەر دەبێت، لەوەش ترسناکتر بەفەرمی و بەیاسایی دەکرێت. لە پاڵ ئەمانە، شتێک بەناوی هەرێمی کوردستان-یش نامێنێت چونکە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی دەبن بە عەرەب، هەر دە ساڵی دیکەی دەوێت کە کورد لە هەرێمیش دەبن بە کەمینە.

ئەگەر هاوڕای، ئەوە تۆ ئازادی بە ناوی خۆت ئەم بانگەوازە لای خۆت بڵاو بکەیتەوە.

گرووپی خاک

ڕێکخراوی کەرکووک بۆ هەمووان

ئەنجوومەنی کوردی کەرکووک

د. شێرکۆ کرمانج، ئەکادیمی و توێژەر و نووسەر

د. محەمەد شوانی، ئەکادیمی و توێژەر و نووسەر

عارف قوربانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس

ئەحمەد عەزیز، نووسەر

عەبدولرەحمان عوسمان، ئەندازیار و چالاکوان

محەمەد ئەمین، چالاکوان و نوێنەری جووتیارانی کورد لە پارێزگای کەرکووک

مەلا فەرمان محەمەد، پێشمەرگەی دێرین و چالاکوان

عومەر غەریب، میدیاکار و ڕۆژنامەنووس

هەردی محەمەد، میدیاکار و ڕۆژنامەنووس

عەبدولرحمن عەبدوڵا، پارێزەر و چالاکوان

بەرگری شارستانی ڕێنمایی بۆ كاتی لافاو بڵاودەكاتەوە
پێت بەرگری شارستانی ڕێنمایی بۆ كاتی لافاو بڵاودەكاتەوە
ئیسلامیەكان پاشەكشەیان كردووە یان تەزویریان لێكراوە ؟!
دوات ئیسلامیەكان پاشەكشەیان كردووە یان تەزویریان لێكراوە ؟!
پەیوەندیدر