فەرمانبەران لەنێوان بەرداشی “هەژماری من” و “تەوتین”ی مووچە



تیمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیرانەكەی، سوورە لەسەر جێبەجێ‌ كردنی “هەژماری من” بۆ بەبانكی كردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ماڵپەڕی فەرمی هەژمارەكە ئاشكرای كردووە، كە 150 هەزار فەرمانبەر ئەم مانگە بەو سیستمە مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام هەرچی فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی و حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان و تیمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران لەسەر بڕیاری سەرۆكی حزبەكەیان ئەو هەژمارە ڕەت دەكەن و جەخت لە “تەوتین”ی مووچە لە بانكە فیدڕاڵییەكانی عێراق دەكەن.

لەگەڵ گەرم بوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لە 20ی ئەم مانگە ئەنجامدرا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاند، “هەماری من هەژماری ئێوە نییە و پڕی مەكەنەوە و بڕۆن تەوتینی مووچە بكەن” و ڕاستەوخۆش دوای هەڵبژاردن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەپێی هەواڵی میدیاكانی یەكێتی “بنكەكانی هەژماری من لە سنووری سلێمانی و هەَڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین داخران” و فۆڕمی تەوتین بەسەر فەرمانگەكانی ئەو شار و ناوچانە دابەشكراوە و وەك پەرلەمانتارانی ئەو حزبە لە بەغدا دەڵێن: بەم زووانە لقی بانكە فیدڕاڵییەكان دەهێننە هەرێم و دەست بە تەوتینی مووچە دەكەن.

لەتیف نێروەیی ڕایگەیاندووە، بەبڕیاری یەكێتی بنكەكانی هەژماری من لە سلێمانی داخران و ئەمەش دەستكەوتە بۆ خەڵكی كوردستان

لە بەرامبەریشدا، د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم “پشكی پارتی” لە گشتاندنێكدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان هۆشداری داوە لە ڕێگری كردن لە تیمەكانی هەژماری من و لە نووسراوێكیشدا بۆ سەرۆكایەتی داواكاری گشتی، داوای كردوە سكاڵا لەسەر ئەو بەرپرس و فەرمانبەر و كارمەندانە تۆمار بكرێت، كە ڕێگری لە تیمەكانی هەژماری من دەكەن.

د.ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا ڕایگه‌یاند، “هه‌ژماری من پرۆژه‌یه‌كی یاساییه‌ و له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن ده‌نگیان له‌سه‌رداوه‌ و په‌سه‌ندیان كردوه‌، وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمیش به‌پێی یاسا تاكه‌ لایه‌نه‌ بۆ دیاریكردنی شێوازی دابه‌شكردنی مووچه‌”.

ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، غالب محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا، كە لە ڕابردوودا پاڵپشتی جووڵەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بوو لە بەغدا بۆ ڕێكخستنی دیدارەكان و تۆماركردنی سكاڵاكان لەسەر مووچە، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی (بغداد الیوم) باس لە ناکۆکی حزبە كوردییەكان دەكات سەبارەت بە پڕۆژەیەکی هەژماری من و پێی وایە لەو ململانێیەدا تەنها فەرمانبەران زەرەرمەند دەبن.

غالب محەمەد ڕایگەیاندووە، “ماوەی ٥ ساڵە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، کە ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران لە ڕێگەی بانکە فیدراڵیەکانەوە بدات و دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچە، ڕاستەوخۆ بووە واجب بۆ بەغدا. ”

ئاماژەی بەوەشکرد، “تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی تەوتینی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمدا نییە، حکومەتی کوردستانیش بڕیاریدا لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری منەوە، لە بانکە ئەهلییەکانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان، مووچەی فەرمانبەران بەبانكی بكات، كە ئەم پڕۆژەیە نایاساییە”.

هێمای بۆ ئەوەشکرد کە “فشار لەسەر فەرمانبەرانی سلێمانی هەبووە بەمەبەستی ناو تۆمارکردن بۆ پڕۆژەی هەژماری من، بەڵام دوای هەڵبژاردن یەکێتی نیشتمانی دووپاتی دەکاتەوە کە پاڵپشتی بە تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵیەکان دەکات، بەڵام ئەم بابەتە لەلایەن یەکێتییەوە بەشێوەیەکی زارەکی قسەی لەسەر دەکرێت ، و ئەمەش کاریگەری لەسەر پڕۆژەی هەژماری من نابێت”.

وتیشی، “پێویستە حکومەتی عێراق دەستوەردان بکات بۆ مەبەستی سەپاندنی تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵیەکان، ئەگەر نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک تەوتین بکات، دەتوانێت مووچەی سلێمانی تەوتین بکات و هیچ کێشەیەکی یاسایی سەرهەڵنادات”.

ڕۆژی پێنج شەممە (24ی تشرینی یەکەمی 2024)، نووسینگەکانی پڕۆژەی “هەژماری من”، سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانی داخران، داواکاریش سنووردار کرا تەنها بە پڕكردنەوەی فۆڕمی بانکی بازرگانی عێراق، سەر بە حکومەتی فیدراڵی.

سەرچاوەیەك بۆ ماڵپەڕی (بغداد الیوم) ڕایگەیاندووە، “بڕیارەکه له لایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتییەوە زیاتر له 10 ڕۆژ پێش ئێستا دەرچووه، بەڵام ئێستا جێبەجێ کردنی دەستپێکردووه”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لەئێستادا داواکاری تایبەت بە بانکی بازرگانی عێراق دەکرێت، هەروەها لێشاوێكی زۆر لە فەرمانبەرانەوە هەیە بۆ تەوتینی مووچەکانیان. لە ماجیدی مۆڵ تەنها یەک لق هەیە، داواکاریش هەیە بۆ کردنەوەی لقی تری بانکەکە، هەروەها بۆ کردنەوەی لقی ڕافیدەین و ڕەشید، بۆ تەوتین كردنی هەموو مووچەکان”.

هەڤیدار شەعبان، پسپۆڕی ئابووری، وتی، “داخستنی نووسینگەکانی پڕۆژەی هەژماری من لە سلێمانی بە هۆکارێک بۆ فشار لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پلە باڵا لە حکومەتی نوێی هەرێم” وەسفکرد.

شەعبان ڕایگەیاند، “یەکێتی نیشتمانی دەیەوێت بەهەنگاوی داخستنی نووسینگەکانی پڕۆژەی هەژماری من لە سلێمانی فشار بخاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، بەمەبەستی موزایەدەکردن لە مەلەفی پێکهێنانیدا حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “یەکێتی دەیەوێت پۆست بەدەستبهێنێت و زۆرترین ژمارەی وەزارەت و پۆستە سەرەکییەکان وەربگرێت، بە سوودوەرگرتن لە پێویستی پارتی بۆی و هەر بۆیەش ئەم هەنگاوە دەنێت”.

بەوتەی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، “حکومەتی فیدڕاڵی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ دوو ئیدارەی کوردستان بکات، ئەوانیش ئیدارەیەک لە سلێمانی و هەڵەبجە، کە مووچەکانی لە بانکە فیدراڵیەکان یەکلایی بکاتەوە، هەروەها ئیدارەیەک لە دهۆک و هەولێر کە مووچەکانی لەسەر پڕۆژەی هەژماری من یەکلایی بکاتەوە”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە، کە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا لقی نوێی بانکی ڕافیدەین و ڕەشید لە پارێزگای سلێمانی دەکرێنەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتوشیەتی، “ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی لقی بانکی ڕافیدەین و ڕەشید لە پارێزگای سلێمانی دراوە و شوێنەکە لە ناوەڕاستی شەقامی 60 مەتری لە شارەکە هەڵبژێردرا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لقێکی بانکی بازرگانی عێراق لە پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتەوە، هەروەها لقەکانی بانکی بازرگانی عێراق لە دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕین دەکرێتەوە، بە ئامانجی زیادکردنی سەنتەرەکانی تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی قەرەباڵغی گەورە لەسەر لقی سلێمانی بانكەكە هەیە”.

غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا ڕایگەیاندووە، پڕۆژەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر بڕیار و ڕێنماییەکانی سەرۆکی حزب، بافڵ تاڵەبانی و پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بووە، کە بە شێوەیەکی تایبەت بە تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵیەکاندا دیاری دەکات.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردۆتەوە، “بە بانكی كردنی مووچە لە پڕۆژەی هەژماری من زیان بە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی هەرێم دەگەیەنێت و چارەسەری گونجاو بریتییە لە تەوتینی مووچە تەنها لە بانکە فیدراڵیەکاندا، کە گەرەنتی خەرجکردنی مووچە لەسەر بنەمای مانگانە، وەک لە باقی پارێزگاکانی عێراقدا دەكات”.

لە 21ی شوباتدا دادگای فیدراڵی بڕیاریدا “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەند بکات بە تەوتین كردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەو شوێنانەی، کە لە هەرێمدا بڵاوبوونەتەوە یان بانکی مۆڵەتپێدراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بکەنەوە و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پشكی بودجەی هەرێم.

ئیسڕائیل لە ئاسمانی وڵاتێكی دیكەوە هێرشی كردۆتە سەر ئێران
پێت ئیسڕائیل لە ئاسمانی وڵاتێكی دیكەوە هێرشی كردۆتە سەر ئێران
لە ناوچەی شەمێران 150 كیسە خۆڵ كۆكرایەوە
دوات لە ناوچەی شەمێران 150 كیسە خۆڵ كۆكرایەوە
پەیوەنیدر