وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشكرای دەكات، كە بەشێكی كارەبا لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكەن و دەشڵێت: ڕۆژانە 900 مێگاوات کارەبا لە هەرێم دەکڕن.
ئەحمەد موسا عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، بەشێکی کارەبای عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و ڕۆژانە 900 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکڕین.
وتیشی، “ئەو بڕە کارەبایە کەم و زیاد دەکات، بەڵام رۆژانە تێکڕا 900 مێگاوات کارەبا لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕین”.
پێشتریش ئەحمەد موسا وتبووی، “کۆماری ئیسلامیی ئێران هەناردەکردنی گازی ڕۆژانەی بۆ عێراق لە 30 ملیۆن مەترسێجاوە بۆ 18 ملیۆن مەترسێجا کەمکردووەتەوە، بەو هۆیەوە 2200 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە”.
سەبارەت بە هۆکاری ئەو کەمکردنەوەیە، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشكرای كردووە، “ئێران پێی ڕاگەیاندووین، خەریکی نۆژەنکردنەوەی بۆری گواستنەوەی گازە، چونکە وەرزی زستان نزیکبووەتەوە و دەبێت نۆژەن بکرێتەوە.”
زیاد عەلی، وەزیری کارەبای حکومەتی عێراق لە کاتی پرۆژەی فراوانکردنی وێستگەی کارەبای حەیدەریە لە نەجەف لە هاوینی ئەمساڵدا ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبایان گەیاندۆتە 27 هەزار و 400 مێگاوات، کە پێشتر نزیکەی 19 هەزار مێگاوات بوو.