شاندێکی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ڕێككەوتن دەربارەی وردەكاری جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ هاندێكی هاوبەشی دارایی و پێشمەرگە دەگەنە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازیی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ یەك شەممە، د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاشكرای كرد، شاندێكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق دەچێتە بەغدا و گفتوگۆكان سەبارەت بە هاوتاكردنی مووچە و پرسەكانی دیكە دەستپێدەكات.
ڕاشیگەیاند، چەند بڕگەیەكی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق دەست بە جێبەجێ كردنی كراوە وەك هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی لە مووچەی مانگی 7ەوە و هەروەها لێبڕینی خانەنشینی، كە لە 7%ەوە كراوە بە 10%، بەڵام هێشتا پرسی دیكە ماوە وەك هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی.
ئاشكراشی كرد، بابەتی تەمەنی خانەنشینی، كە لە عێراق 60 ساڵە و لە هەرێم 63 ساڵە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، چونكە ئێستا لە عێراقیش بۆچوونێك دروست بووە تاوەكو تەمەنی خانەنشینی بكەنەوە بە 63 ساڵ بەهۆی ئەوەی ئەو كەسە بەتەمەنانە ماوەیان هەبێت چەند ساڵێكی دیكە لە وەزیفەدا بمێننەوە بەهۆی بوونی لێهاتوویی و شارەزاییانەوە.