هۆشدارییەک بۆ خانمانی دوو گیان



توێژینەوەیەکی نوێ، ئاشکرایدەکات؛ کیشانی جگەرە لەلای خانمانی دووگیان ڕەنگە ببێتە هۆی بەرکەوتنی زیانی کوشندە بە کۆرپەلە، تەنانەت بە ئەندازەی کێشانی یەک جگەرەش.

 

توێژینەوەیەکی ئەم دواییە کە لە گۆڤاری زانستی پەتاکان و تەندروستی کۆمەڵگەدا بڵاوکراوەتەوە و ١٢ ملیۆن خێزان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەتوێژینەوەکاندا بەشدار بوون، دەرکەوتووە جگەرەکێشان لەلایەن خانمانی دووگیانەوە، تەنانەت ئەگەر تەنها یەک جگەرەش بێت، دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی گەورە بۆ کۆرپە.

 

ناوەرۆکی توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کێشانەی لە دەرەنجامی کێشانی جگەرە بۆ خانمانی دووگیان دێنە ئارا، بریتین لە لەدایکبوونی پێشوەختە، کەمی کێشی لەدایکبوون، دواکەوتنی گەشەکردن و تەنانەت مردنی کۆرپە.

 

توێژەران هەوڵیانداوە لە پەیوەندی نێوان جگەرەکێشان و ئاڵۆزییە تەندروستییە گەورەکان بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکان بکۆڵنەوە، وەک پێویستی هەواگۆڕکێی میکانیکی ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوون، وەرگرتن لە یەکەی چاودێری چڕی تازەلەدایکبووان لەگەڵ هەواگۆڕکێی میکانیکی، گرژبوون، یان تێکچوونی کارکردنی کۆئەندامی دەمار.

 

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە نزیکەی 9.5%ی ئەو منداڵانەی لە توێژینەوەکەدا بەشداربوون تووشی ئەم کێشانە بوون.

 

دەرکەوتووە کە ئەگەری تووشبوون بەم ئاڵۆزیانە بە ڕێژەی 27% زیاترە لەو منداڵانەی کە دایکیان پێش دووگیانی جگەرەیان کێشاوە، هەروەها 31% زیاترە لەو منداڵانەی کە دایکیان لە کاتی دووگیانیدا جگەرەیان کێشاوە.

 

بە شێوەیەکی سروشتی مەترسییەکان بۆ ئەوانەی کە زۆر جگەرە دەکێشن زیاتر بووە، بەو پێیەی توێژینەوەکە دەریخستووە؛ منداڵی ئەو ژنانەی کە ڕۆژانە 20 جگەرە یان زیاتر دەکێشن، ئەگەری وەرگرتنیان لە چاودێری چڕدا بە ڕێژەی 29% زیاترە.

 

بەڵام منداڵی ئەو خانمانەی کە ڕۆژانە تەنها یەک یان دوو جگەرە دەکێشن، هێشتا مەترسیی 13%یان لەسەرە بۆ وەرگرتنی چاودێری چڕ.

 

لەم چوارچێوەیەدا، کایتلین نۆتلی، سەرۆکی گروپی توێژینەوەی ئالوودەبووان لە زانکۆی ئیست ئەنگلیا لە ئینگلتەرا، بە یۆرۆنیوزی وتووە: کیشانی تەنیا جگەرەیەک لە کاتی دووگیانیدا کاریگەری لەسەر تەندروستی منداڵەکە دەبێت.

 

نۆتلی ڕوونیشیکردەوە، ڕەنگە ئافرەتانی دووگیان بەزەحمەتتر واز لە جگەرەکێشان بێنن، چونکە میتابۆلیزمی نیکۆتین لەکاتی دووگیانیدا خێراتر دەبێت، واتە لەش زووتر هەڵیدەمژێت.

 

نۆتلی ئامۆژگاری ژنانی دووگیان دەکات، کە هەوڵی وازهێنان لە جگەرەکێشان بدەن و دەشڵێت ئەگەرچی لێکۆڵینەوەکان تا ئێستا لەسەر کاریگەرییەکانی ڤایپ لەسەر دەرئەنجامەکانی دووگیانی هێشتا تێکەڵن دەکرێت هەوڵبدەن جگەرەی تەقلیدی بە جگەرەی ئەلیکترۆنی بگۆڕن تا بەرە بەرە لە کێشان دوور دەکەونەوە و جەختی لەسەر پێویستی “وازهێنانی تەواوەتی” لە جگەرەکێشان بۆ پاراستنی تەندروستی کۆرپە کردووەتەوە.

هاووڵاتییەک لە کاتی مەلەکردندا خنکا
پێت هاووڵاتییەک لە کاتی مەلەکردندا خنکا
پەرلەمانتارێکی پارتی: هەندێک پەرلەمانتاری کورد بوونەتە بەرگریکاری ئەوانەی دژی فیدراڵیین
دوات پەرلەمانتارێکی پارتی: هەندێک پەرلەمانتاری کورد بوونەتە بەرگریکاری ئەوانەی دژی فیدراڵیین
پەیوەندیدار