وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، ئەو كەسانەی چەكی جەنگییان هەیە و ڕادەستی حكومەتی دەكەن، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە قەرەبوو دەكرێنەوە.
د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند، 12 لیژنە دروستكراوە بۆ داماڵینی چەكی جەنگی، واتا ئەو خەڵكانەی چەكی جەنگییان هەیە دەبێت چەكەكانیان ڕادەستی ئەو لیژنانە بكەن.
وتیشی، “ئەنجومەنی وەزیران خەمڵاندنێك دەكات، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی ئەو چەكە ڕادەست دەكەن و 40 لیژنەش تۆماركراون بۆ تۆماركردنی چەكی ئاگرین (دەمانچە، كڵاشینكۆف و هاوشێوەكانی). ئەو لیژنانەش دەستبەكاربوون و ئێمە دواتر لە ڕێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وەزارەتی ناوخۆوە شوێنی لیژنەكان بڵاودەكەینەوە”.
ئاشكراشی كرد، خاڵێكی گرنگ هەیە، ئەویش ترسی هاووڵاتییە لەوەی كاتێك بچێت چەكەكەی لە یەكێك لەو لیژنانە تۆمار بكات، حكومەت دەزانێت ئەو كەسە چەكی بێمۆڵەتی هەیە و دەچێت لە ماڵەوە لێی وەردەگرێت. هەڵبەت لە یاسا و ڕێنماییەكان بە روونی دیارە كە قۆناغی یەكەم تۆماركردنی چەكە، ئەوە هەوڵێكە بۆ دەستكەوتنی ئامارێك كە چەند پارچە چەك لە كۆمەڵگەی كوردستان هەیە. ئەگەر بە ڕێژەییش بێت. كاتێك چەكێك لە ماوەی یەك ساڵدا تۆمار دەكرێت، (لە تەمموزی 2022 تا تەمموزی 2023)، هەر هاووڵاتییەك دەچێتە ئەو لیژنانە چەكەكەی تۆمار دەكات و دەیباتەوە ماڵەوە. كەس چەكەكەی لێوەرناگرێت، بەڵام داتای ئەو چەكە لای حكومەت هەیە و ئەگەر ئەو هاووڵاتییە لە دوای ئەو ساڵە داوای مۆڵەتی كرد، مۆڵەتی پێدەدەن، داوای مۆڵەتی نەكرد كەس چەكەكەی لێوەرناگرێت، بەو مەرجەی لە ڕێنماییەكە هاتووە چەكەكە بەكارنەهێنێت، نەیباتە دەرەوە، نەیفرۆشێت.”
دەشڵێت: “دەڵێین نەیفرۆشێت واتا بێ ئاگاداری ئەو دامەزراوەی كە بە هاوكاریی كەرتی تایبەت بە شێوەیەكی مۆدێرن درووستدەكرێت بۆ كڕین و فرۆشتنی چەك لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ، واتا كە مامەڵە بە چەك دەكرێت، ناكرێت لە كۆڵان و ئۆنلاین بێت، دەبێت لە شوێنێكی دیار و مۆدێرن بێت كە كۆنتڕۆڵكراو بێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش.”
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەكات، كە پەیامە ڕوونەكە بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە هیچ ترسیان نەبێت، سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردنی چەك بكەن، چەكەكانی خۆیان تۆماربكەن و وەریگرنەوە. لە زۆر وڵاتی دونیادا چەك لە ناو كۆمەڵگەدا هەیە، بەڵام گرنگە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. بۆنموونە لە سویسرا زۆرترین چەك هەیە، بەڵام ڕووداوێكی نەخوازراو و ڕەشەكوژی ڕووینەداوە. چەك بەكارناهێنرێت بۆ بەلاداخستنی كێشەكان. ئامانجی وەزارەتی ناوخۆش ڕێكخستن، تۆماركردن و مۆڵەتپێدانە.