پەرلەمانتارێكی پارتی: هەژماری من و تەوتینی مووچە پەیوەستە بە ڕێككەوتنی هەردوو حكومەت



 

دوابەدوای بڕیاری وەزیری دارایی عێراق بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانكە فیدڕاڵییەكانەوە، پەرلەمانتارێكی پارتی لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، بەبێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، نە هەژماری من و نە تەوتینی مووچە سەرناگرێت.

بەپێی نووسراوێكی بانكی ڕەشید، كە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە و وەڵامی پەرلەمانتار سۆران عومەری داوەتەوە، هاتووە، “دەست بە پڕۆسەی تەوتین دەكرێت دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بە دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر بانكی ڕەشید و ڕافیدەین و دوای ئەوەش تەوتینی مووچە دەستپێدەكەن”.

شوان كەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هەر ڕێكارێك ئەنجام بدرێت بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بەبێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم سەركەوتوو نابێت، چونكە بابەتەكە تەنها خەرج كردنی مووچە نییە، ئەی ئەو فەرمانبەرە چۆن متابەعەی دەوامی دەكرێت؟ چۆن پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی بۆ دەبەسترێت؟ یان پەیوەست بوونی فەرمانبەرەكە بە فەرمانگەكەی و یەكەی كارگێڕی فەرمانگەكەیەوە چۆن دەبێت؟

وتیشی، “بەبێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، نە هەژماری من و نە تەوتینی مووچە و نە بانكی ڕافیدەین و ڕەشید سەرناگرێت، چونكە پرسی مووچە پێش ئەوەی پەیوەست بێت بە هەژماری من و تەوتین و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پەیوەستە بە ڕێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقەوە”.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختیشی كردەوە، “ئەگەر هەردوو حكومەت ڕێكنەكەون، وەزارەتی دارایی مووچە نانێرێت بۆ بانكی ڕافیدەین و ڕەشید و ئەوكاتەش ئەو بانكانە بەبێ‌ وەرگرتنی تەمویلی دارایی ناتوانن مووچە بدەن، بۆیە گرنگترین شت بوونی كەشێكی سیاسی گونجاو و ڕێككەوتنە لەنێوان هەردوو حكومەت”.

ڕاشیگەیاند، لەڕووی كردارییەوە ئەو دوو بانكە هیچ لقێكیان لە هەرێمی كوردستان نییە، وتیشی، “گریمان ئەگەر سێ‌ لقیش بكەنەوە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی و گریمان هەموو فەرمانبەرانی هەرێم هەژماریان كردەوە لەو بانكانە، چۆن لە هەر شارێك بە یەك لق و باڵەخانەیەك دەتوانێ‌ مووچەی ئەو هەموو مووچەخۆرانە دابەش بكەن؟ ئەگەر بە ماستەر كارد-یش بێت بەپێی ڕێنمایی بانكی ناوەندی بۆ هەر هەزار مووچەخۆرێك ئامێرێكی (ATM) دابنرێت، بۆیە بۆ ملیۆنێك و 200 هەزار مووچەخۆری هەرێم چەند ئامێری دەوێت و چۆن دادەنرێت و كاتی چەند دەوێت؟”.

شوان كەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، بەدەر لە تێڕوانینی هەر حزبێكی هەرێم، لەڕووی لۆژیكییەوە چۆن بانكێك لە شارێكدا بە یەك لق و لە یەك باڵەخانەدا دەتوانێت مووچەی سەدان هەزار مووچەخۆر لە چەند ڕۆژێكدا بدات؟ بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە ئەوە بەو جۆرە بۆ مووچەخۆران ڕوون بكرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، ئەم پرسە كاتی دەوێت و ڕێككەوتنی هەردوو حكومەتی دەوێت، چونكە بەبێ‌ ڕێككەوتن كێشە بۆ مووچە دروست دەبێت و نموونەشی بەوە هێنایەوە، “ئەگەر ماوەیەكی دیكە حكومەتی عێراق وتی تەواوی داهاتی ناوخۆم دەوێت و هەرێم نەیدا یان نیوەی داهاتەكەی دا، ئەوكات وەزارەتی دارایی عێراق پارە نادات بە بانكی ڕافیدەین و ڕەشید و ئەوانیش مووچە نادەن هەرچەندە مووچەخۆران تەوتینیشیان كردبێت، بۆیە پێش هەموو شتێك ڕێككەوتن گرنگە”.

 

وتەبێژی حكومەتی عێراق: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ مووچە جێبەجێ‌ دەكەین
پێت وتەبێژی حكومەتی عێراق: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ مووچە جێبەجێ‌ دەكەین
شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین عێراقی گرتەوە
دوات شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین عێراقی گرتەوە
پەیوەنیدر