گەزیزە عومەر پەیامی ڕۆژی جیهانی شانۆ بڵاودەکاتەوە



سبەینێ ٢٧ی مانگی ئادار، ڕۆژی جیهانی شانۆیە، ساڵانە لەم بەروارەدا وتارێکی تایبەت بەم هونەرە بە جیهاندا دەدرێت، بڕیارە سبەینێ جۆن فۆس ی نەرویجی پەیامی ڕۆژی جیهانی شانۆ بخوێنێتەوە،

ئەمساڵ گەزیزە عومەر دامەزرێنەری تیپی شانۆیی هاوڕێیانی گەزیزە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، وتارێکی بڵاوکردۆتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەرزبێت رۆژی جیهانی شانۆ.

مێژوویەکی دێرینی ٥٠ ساڵەی هاورێیانی گەزیزە لە کوردستان وادەی هاتووە و بەڕەوای خۆمانی دەزانین كه گوتاری ئەم ڕۆژەمان هەبێت، بەرله پێنچ سال بۆ ئەم رۆژە نوسیم وداوامکرد ؛ شانۆکارە راستگۆ و بوێرە بەردەوامەکانی شانۆی کوردی مافی خۆیانە پاش ئەزموونی سەدەیەک ، لەم رۆژەدا قسەیەکیان هەبێت ، بەداخەوە کەس خۆی نەکردە خاوەنی ، لەبەر ئەوە ئێستا كاتی ئەوەیە ( ساڵانە گوتاری شانۆ بە کوردی) هێزی خۆی نمایش بكات.. ئەگەرچی هەوڵ دەدەم زۆر بەكورتی وێنایەكی دۆخی ئێستاو بەتایبەت شانۆبكەم، بەڵام گومانم نییە لەوەی كە خوێنەرو وەرگری ئەم قسانەم تەنها هونەرمەند و بینەرە دڵسۆزەكانی شانۆدەگرێتەوە کە بەبایەخەوە لەم بابەتە بڕوانن ، هەرئەلەش وای كرد بەر لە پێنج ساڵ رومكردە شانۆكارو میوان‌و بینەرە بە ئەمەكەكانی شانۆ، چونكە هەرئەوان دەتوانن ؛ بە دەستە ماندووەکانیان بزماری داکوتراوی سەر تەختە لە رزۆکەکانی شانۆی ئەم وڵاتە توندبکەنەوە و لەنێو پەڕەی کتێبەکاندا وشەی شانۆو رەگەزەكانی شانۆ بە گرنگیەوە بنوسنەوە !! بۆ شانۆیەک كە بێئەندازە و بێ مەودا بێناز و بێکەس ؛ بێکەس تر لەوەی کە ئێستا دەگوزەرێ و و بێخاوەن تر لەوەی کە ئێستا دەبینرێت !! میوانانی شانۆی كوردستانەکەم : تەنها ئێوەن ئەژنۆماندوەکان بەپیوە دەهێڵنەوە ، خەندەکانی ئێوەیە ناهێلێت چرای شانۆکانی شار خامۆش ببێت ، ئێوە میوان گەلێکن نە دووڕوویی رێگای هۆڵەکانی شانۆ دەزانن و نە ئیرەیی و نە هەول دەدەن میژووی شانۆكارە ماندووەكان بسرنەوە، ئەوە ئێوەن بە دڵسۆزی ‌و ئەمەکەوە دەست لەکاری رۆژانە هەلدەگرن ‌و بەوپەری ماندویەتیتانەوە دەبنە میوانی شانۆکان تا بۆساتێک خەندە بکەوێتە سەر لێوەکانتان و هەناسەیەک وەربگرن ، بەچەپڵەکانتان ئێمەش لە بەردەم پرسیاری قوڵدا جێبهێڵن، ئێستاش دووبارە دەیڵێمەوە ؛ ئەوە ئێوەو ئێمەین شانۆ لەنێو جەرگەی تەپ وتۆزی ئەم ڕۆژگارەدا دەدۆزینەوەو دەمانەوێت خۆمان بۆ خۆمان بین ! هەر ئەمەش وادەکات ، ئەوانەی کارمان بۆ دەکەن و کارمان لە گەڵ دەکەن تێمان بگەن و گوێمان لێ بگرن ، سەدەیەکە ئێمە قسە دەکەین و وەڵام نیە سەدەیەکە بێ دەنگمان دەکەن، بەڵام شانۆ هەردەنگی بەرزە …سەدەیەکە بەشان و باڵی بریندارمان پایەکانی ئەم شانۆیانەمان راگرتوە و ناهێڵین بکەوێت.. ئەمجارە خەمی شانۆ بۆ ئێوە بەیان دەكەم ؛ لەجێی ئەوەی روبكەمە جومگەی بەرپرسیارێتی ئیداری و سیاسی و بلێم ئەم زەوییە كێلانی دەوێت ، هونەرسازی دەوێت ، چاندنی كلتووری دەوێت ؛ وەرن پشتیوانمانبن ، كاری ئێمە سەختترە لەوەی لەرۆژێكدا پیرۆزباییمان لێبكرێت ، خەمی ئێمە گەورەترە لە دابینكردنی برێك گازی مۆلیدە و چنگێك پارە ودروست کردنی هۆڵی شانۆیەکی پڕو تایبەتمەند ، خەمی ئێمە شوناس و جوگرافیایەكی ئارامە ، خەمی ئێمە جوانی و خەمی تاکی کورد و تەواوی مرۆڤایەتییە ، خەمی ئێمە بەجیهانی كردنی پرسە نیشتیمانیەکانی هونەربەگشتی و شانۆیە بەتایبەتی !! بۆیە روو لەتۆش دەكەم : تۆ ئەی شانۆكاری دێرن و نەوەنوێیە پرهەیەجانەكەی شانۆ گەرچی پەیامەكانمان ، دەنگمان ، ناگاتەجێ ، گەرچی دەمانەوێت بەشێكبین بۆ قسەكردن لەسەر دیاردەكان و ناشرینیەكان و وەزیفەی بەرگری لەنیشتیمان ، بەڵام بیرتان نەچێت ؛ نرخی هەرهەنگاوێك هەرماندووبونێك لەنێو هۆڵە ساردوو سرو بێگیانەكاندا دەبێت کەخۆمان بەهاكەی بزانین و قەدری بگرین و نەتۆرێین لەو هونەرەی لەدنیادا بەگەورەی و بایەخەوە دەدرەوشیتەوە . تۆ ئەی هاورێی شانۆکارم ؛ باوەرت بەوە هەبێت کە هاتیتە سەرشانۆ تەنها جیی خۆت دەگریت و جێی کەسێکی تر ناگریتەوەلەو شوێنەی تۆی لێ دەوەستیت ، هەوڵی نەمری بۆ خۆت بدە ؛ چونکە ئەوە تەنها شوێنی خۆتە نەک هەوڵی جیگرەوەی کەسانی پیش خۆت ، ئەركەكەت پیرۆزترو قورسترە لەم ژینگە تەم و گوماناوییەدا وەرە با من و تۆی شانۆکار لەنێو خۆڵی ئەم یاریە ناشیرینەدا کە خەریکە هەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە خۆمان بتەکێنین ، پیش هەموو کەس لە پێناو ئاسودەیی خۆمان و بەرپرسیارێتی ئەم مێژووەو بینەرەکانماندا یەکمان خۆش بوێت ! خەریکە پایەکانی شانۆ بەرەو دارمان دەروات ، ئەگەر چەترێک نەبێت لەسایەیدا کۆمان بکاتەوە ، بەڵام هێشتا باڵەکانی خۆمان ماوە تاسەری ماندووی یەکتری بخەینە سەر، ئەگەرچی هەموو شتەكان لێكدابران ، بەڵام با ئێمە بەشێك نەبین لە گەمەکان و پێكەوە بێكینەو لێدان لەیەكتری چەتری پێكەوەژیان هەڵدەین و شانۆكەمان و گۆمەڵگەكەمان بپارێزین و دەنگمان بڵندتربكەین ؛ لەو سەردەمانەی كە لەژێر جەورو ستەم و سرینەوەی كورددا هاوارمان دەكرد… من و تۆی هونەرمەند ؛ هەمومان با قبوڵكردنی یەكتری لەپێناو ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئاشتی و جوانی هونەردا دروشمی بەردەوامیمان هەبێت گەرئاسایشێكی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی نەبێت شانۆش دەكەوێتە مەترسییەكی قوڵترەوە. گەزیزە ٢٧-٣-٢٧٢٤ی کوردی

مەسرور بارزانی: سبەینێ بڕیارێکی گرنگ لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان دەدەین
پێت مەسرور بارزانی: سبەینێ بڕیارێکی گرنگ لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان دەدەین
شەپۆلێكی گەرما ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە
دوات شەپۆلێكی گەرما ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە
پەیوەنیدر