نزیکەی ٥٠ ڕۆژ دەبێت مووچە دابەشنەکراوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری پزیشکانی نیشتەجێی دێرین، پلەبەند و خولاو بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و دەڵێن، “لە ئەگەری دابەشنەکردنی مووچە هەڵوێستی توندترمان دەبێت”.
ئەمڕۆ سێشەممە، پزیشکانی نیشتەجێی دێرین، پلەبەند و خولاو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بایکۆتیان ڕاگەیاند،لە کاتێکدا تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیانی پزیشکانی گەنج مووچەیە، بەڵام ماوەی ٥٤ ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی دوایین مووچە تێپەڕیوە، چیتر توانای دابینکردنی خەرجی ڕۆژانە و هاتووچۆمان نەماوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، دواکەوتنی مووچەی مانگی شوبات لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردووش سێ مووچە وەرنەگیرا، هەر بۆیە بڕیارماندا لە ئەمڕۆوە بایکۆتی دەوام بکەین لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی ناو شار، دەرەوەی شار، مەڵبەندە تەندروستییەکان و سەنتەرە پزیشکییەکان.
وتیشی، لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان تەنها لە ناوەندە فریاگوزارییەکان بەڕێوەدەبەین و نەشتەرگەرییە کتوپڕەکان ئەنجامدەدەین.
جەختیان لەوەکردەوە، داوا لە حکومەت دەکەین بە زووترین کات دەستبکات بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانمان، لە ئەگەری دابەشنەکردنی مووچە هەڵوێستی توندترمان دەبێت، ئۆباڵی ژیانی هاووڵاتییانیش لە ئەستۆی حکومەتدا دەبێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوان هۆکاری دروستبوونی کێشەکانن.
پزیشکانی نیشتەجێی دێرین، پلەبەند و خولاو ژمارەیان زیاتر لە هەزار پزیشک دەبێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەشێکیشیان لەبەردەم نەخۆشخانەی شار گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو، پزیشکانی نیشتەجێی دێرین، پلەبەند و خولاو لە سلێمانی بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەکرد، دەزانین بڕی پێویستی پارە بۆ مووچە دابینكراوە و لەبەردەستە، بەڵام دەستیبەسەردا گیراوە بۆ زیاتر چەوسانەوەی ئەم میللـەتە.